کێ کۆیلەیە و کێ خاوەن؟
PM:12:41:24/10/2025
824 جار خوێندراوەتەوە
بەشدار هەمزە
+
-
ستۆکهۆلم
سیندرۆم چییە؟ لە ٢٣ی ئابی ١٩٧٣دا لە شاری ستۆکهۆلمی سوید، چەکدارێک دەستی بەسەر
بانکێک داگرت و چوار کەسی وەک بارمتە گرت.
شتێکی سەیر ڕوویدا: دوای شەش ڕۆژ، کاتێک پۆلیس بارمتەکانی ئازادکرد، ئەوان نەک
تەنها لە چەکدارەکە نەدەترسان، بەڵکو بەرگرییان لێدەکرد! یەکێکیان تەنانەت پارەی
کۆکردەوە تاکو پارێزەر بۆ چەکدارەکە بگرێت!ئەم دیاردە سەیرە بوو بە ستۆکهۆلم
سیندرۆم کاتێک قوربانی دەبێتە بەرگری لە زۆردارەکەی.
ئەم نەخۆشییە
بە چەند مەرحەلەیەک تێپەڕ دەبێت: لە سەرەتادا ترس و بێدەسەڵاتی، پاشان میهرەبانی
کەمێک لە زۆردارەوە، دواتر جیاکاری لە دنیای دەرەوە، و لە کۆتاییدا دڵسۆزی بۆ
زۆردارەکە، ئەمڕۆ هەر ئەم دیاردەیە لە کۆمەڵگای کوردستاندا بە شێوەیەکی سیاسی
دووبارە بووەتەوە.
لە سپارتاکۆسەوە بۆ کۆیلەی سەردەم لە هەرێمی کوردستاندا دیاردەیەکی سەیر ڕوودەدات،
خەڵکێک بە شانازییەوە بەرگری لەوانە دەکەن کە سی ساڵە دزییان لێدەکەن! هەڵبەت ئەم
دزییە تەنها لە پارەدا کۆنابێتەوە، بەڵکو لە زەوی و ئاسمان و مێژوو و کلتور و ئاین
و سامانی سەرزەوی و ژێرزەویەوە کۆبووەتەوە بە کورتی لە هەموو سێکتەرەکان، تەنانەت
ویژدانیش دەدزرێ.
بۆچی کۆیلەی
ئەمڕۆ دژ بە ئازادبوونی خۆیەتی؟ چونکە نازانێت کۆیلەیە! ئەمە ستۆکهۆلم سیندرۆمی
سیاسییە کاتێک کۆیلە خۆی بە ئازاد دەزانێت،کۆیلایەتی دوێنێ و ئەمڕۆ، کۆیلایەتی
وەک دیاردەیەکی مێژوویی، تەنها بە زنجیر و بازاڕی کڕین و فرۆشتن سنووردار نەبووە.
لە شارستانییەتەکانی کۆندا، کۆیلایەتی سیستەمێکی راشکاوانە بوو کۆیلەکان وەک موڵکی
کەسی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا و هیچ مافێکیان نەبوو.
مێژوو پڕە لە یاخیبوونی کۆیلان دژ بە زنجیرەکانیان،بەڵام کۆیلەی ئەمڕۆ تەواو
پێچەوانەیە! بە شانازییەوە خۆی دەکاتە نۆکەر و دڵسۆزی خاوەنەکەی و بەرگری لە
زیندانەکەی خۆی دەکات. هیچ زنجیرێکی پێویست نییە، چونکە خۆی باوەڕ بە کۆیلایەتی
دەکات، ناتوانێت ژیان بێ خاوەنەکەی تەسەوور بکات، و ئازادی بۆی ترسناکە.
سەیرترینیش ئەوەیە کە دوژمنایەتی لەگەڵ هەر یەک دەکات کە دەیەوێت ئازادی بکات!
جیاوازی سەرەکی:کۆیلایەتی
کۆن ئاشکرا بوو کۆیلە دەیزانی کۆیلەیە، زنجیرەکانی دیار بوون، و ئازادی ئامانجێکی
روون بوو، بەڵام کۆیلایەتی نوێ شاراوەیە زنجیرەکانی دەروونین، کۆیلە هەست بە
ئازادی دەکات، و سیستەم شەرعی دەردەکەوێت بە دەنگدان و دامەزراوە. لەوانەیە ئەمە
ترسناکتر بێت، چونکە کاتێک کەسێک پێی وابێت ئازادە، بەرخۆدان
ناکات،کۆیلایەتی ئەمڕۆ بە سێ شێوە خۆی دەردەخات:
١-کۆیلایەتی بیرکردنەوە:گشتگیرکردنی بیروڕا، پڕۆپاگەندەی میدیایی، کۆنترۆڵی
ڕاگەیاندن، و قەدەغەکردنی دەنگی بەرامبەر.
٢-کۆیلایەتی
ئابووری:نەبوونی دەرفەت، کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکان لەلایەن کەمینەیەکەوە، پشتبەستن
بە یارمەتی و بەخشین، و بەردەوامکردنی هەژاری.
٣-کۆیلایەتی
سیاسی:کاتێک خەڵک دەڕۆن بۆ هەڵبژاردن و دەزانن کێ دەگاتە دەسەڵات، هەڵبژاردنێک کە
ئەنجامەکەی پێشوەختە دیارە، کاتێک دەنگدان دەبێتە تەنها پیشاندانی دڵسۆزی نەک
هەڵبژاردنی ڕاستەقینە، و کاتێک ڕەخنەگر بە خائین ناودەبرێت.
چیرۆکێک لە
مێژوو:سینۆهە نووسەری فینلەندی میکا والتاری لە کتێبی
مێژووییەکەی سینۆهە، پزیشکی فیرعەون دا باسی کۆیلەیەک دەکات کە دوای ساڵانێک لە
ژێر ستەمی خاوەنەکەیدا، کاتێک خاوەنەکەی دەمرێت، دەچێتە سەر گۆڕەکەی تاکو تۆڵەی لێ
بکاتەوە، بەڵام کاتێک یەکێک وەسفەکانی سەر کێڵەکەی بۆ دەخوێنێتەوە، نەک تۆڵە
ناستێنێتەوە، بەڵکو دەگریێت و خەم دەخوات بۆ خاوەنە میهرەبانەکەی!
وەک سینۆهە
دەڵێت: هاوڕێم، ئێمە لە سەردەمێکی سەیردا لەدایک بووین، هەموو شتێک تواوە دەبێت،
شێوەی دەگۆڕێت، وەک قوڕ لەسەر چەرخی گۆزەکەر، جلوبەرگ دەگۆڕێت، وشەکان، نەریتەکان،
دەگۆڕێن، و خەڵک چیتر باوەڕیان بە بتەکان نییە، هەرچەندە لێیان دەترسن.چیرۆکەکە
ئاوێنەی دۆخی ئەمڕۆی هەرێمە.
دۆخی هەرێم:
ڕاستییەکی تاڵ لە هەرێمی کوردستاندا کە دەیان ساڵە دوو حیزب دەسەڵاتیان بەسەردا
هەیە، ئەم دیاردەیە بە روونی دیارە، چونکە گەنجان کاریان نییە، مووچە بە مانگ دوا
دەکەوێت، گەندەڵی شۆڕ بووەتەوە ناو هەناوی کۆمەڵگا، خزمەتگوزاری لە خراپترین
ئاستدایە، ژینگە وێرانە، و کۆچی گەنجان بەردەوامە.
بەڵام سەیرترین
شت ئەوەیە کە بەشێکی زۆر لە خەڵک نەک تەنها رەزامەندن، بەڵکو بە توندی بەرگری لەم
دۆخە دەکەن! سیستەمی دوو قوتابی لەسەر هەموو دامەزراوەکان سەپاوە، هەموو شتێک لە
نێوان دوو حیزبدا کۆنترۆڵ و دابەش کراوە، مووچەی دواکەوتوو بووەتە ئامرازێک بۆ
کۆنترۆڵکردنی خەڵک، و بازاڕ بە شێوەیەک کۆنترۆڵ دەکرێت کە پێشکەش و پشتیوانی حیزبی
لە پێش شایستەییەوە دێت.لایەنگری کوێر بە پێنج ئامرازی
سەرەکی دەبێتە بەرگری لە خاوەنەکەی:
یەکەم -
بەکارهێنانی هەستی قەومی:گۆڕینی هەژاری بۆ شانازی: گرنگ نییە چۆن دەژین، گرنگەکە
ئێمە نەتەوەیەکی قارەمانین! هەرێمێکمان هەیە! بەم شێوەیە قبووڵی دۆخی خراپ دەکات
بە پاساوی شکۆی ڕابردوو، لە کاتێکدا بە چاوی خۆی دەبینێت کە خێزان و خزم و
دەربارەکانی دەسەڵات لە دەوڵەمەندی و ژیانێکی خۆشدان، بەڵام بە نیشتمانپەروەری خۆی
دەخەڵەتێنێت!
دووەم - ترسی
بەردەوام:دەسەڵات بە بەردەوامی ترس بڵاودەکاتەوە: ئەگەر ئێمە نەبین، دوژمن دێت و
دەمانخوات! تەنها ئێمە دەتوانین پارێزگاریتان لێ بکەین! ئەم ترسە دەبێتە هۆی ئەوەی
خەڵک بە دەسەڵاتەوە بچەسپێن.
سێیەم -
نیشتمانپەروەری درۆین:حیزب خۆی دەکاتە هاوتای نیشتمان: ئەگەر حیزبەکە لاواز بکەیت،
خائینی! ئەگەر رەخنە بگریت، کار بۆ دوژمن دەکەیت! ئەگەر ئێمە لاواز بین کورد
لاوازە! بەم شێوەیە رەخنەی سیاسی دەگۆڕێت بۆ خیانەتی نیشتمانی.
چوارەم -
سوپاسگوزاری ناڕەوا:بەردەوام یادکردنەوەی خەباتی ڕابردوو دەبێتە بیانوو بۆ هەموو
گەندەڵییەک، خەڵک هەست دەکات قەرزارە و نابێت پرسیار بکات.
پێنجەم -
گۆڕینی حیزب بۆ خێزان:حیزب دەبێتە باوک و لایەنگر دەبێتە منداڵی گوێڕایەڵ، لایەنگر
وەک منداڵێک مافی نییە لێپرسینەوە بکات،ئەنجامەکانی نەخۆشی وەک سینۆهە
دەڵێت:هیچ جیاوازییەک نییە لە نێوان مرۆڤێک و مرۆڤێکی تردا چونکە هەموویان بە
ڕووتی دێنە ژیانەوە، مرۆڤ ناپێورێت بە ڕەنگی پێستی یان بە قسەکانی یان بە جلوبەرگ
و جەواهیراتەکانی بەڵکو تەنها بە دڵی، مرۆڤی باش لە مرۆڤی خراپ باشترە و
دادپەروەری لە بێدادی باشترە و ئەوە هەموو ئەو شتەیە کە من دەیزانم.
ئەنجامەکانی ئەم نەخۆشییە لەسەر کۆمەڵگا گەورەیە و دەبێتە هۆی لەناوچوونی بیروکەی
دادپەروەری، مردنی دیموکراسی، کۆچی نەوەی تازە و لەدەستدانی توانا و پیربوونی
کۆمەڵگا، لەناوچوونی هیوا، و لە کۆتاییدا شکستی دروستکردنی دەوڵەت.
رێگەی چارەسەر:
پێنج هەنگاو چۆن لەم نەخۆشییە دەربچین؟ یەکەم هەنگاو، وەک هەمیشە، ناسینەوەی
کێشەکەیە، تەنها کاتێک مرۆڤ بزانێت زنجیرەکانی هەن، دەستدەکات بە شکاندنیان.
هەنگاوی یەکەم
- ناسینەوەی نەخۆشی:دان بەوەدا دەنێین کە ئەم نەخۆشییە هەیە لە رێگەی خوێندنەوە،
گفتوگۆ، و بیرکردنەوە لەسەر کردەوەکانی خۆمان، نابێت شەرم بکەین لە راستی، چونکە
ئێمە لە ماوەی دەیان ساڵدا فێرکراوین کە وەک کۆیلە بیر بکەینەوە!
هەنگاوی دووەم
- جیاکردنەوەی حیزب و نیشتمان: نیشتمان هی هەموومانە، حیزب تەنها ئامرازێکە، رەخنە
لە حیزب خیانەت نییە، بەڵکو بەرژەوەندی نیشتمانە!
هەنگاوی سێیەم
- پرسیارکردن و رەخنەگری:مافی ئێمەیە پرسیار بکەین لە میدیای کۆمەڵایەتی،
کۆبوونەوەی خێزانی، یان کۆمەڵگای مەدەنیدا، و حیسابی دەسەڵات لەسەر هەر بڕیار و
کردارێک بپرسین.
هەنگاوی چوارەم
- جیاکردنەوەی رابردوو و ئەمڕۆ:ڕێزمان هەیە بۆ خەباتی ڕابردوو، بەڵام ئەمە ماف
نادات کە ئەمڕۆ دزی بکرێت و ستەم بکرێت، پاڵەوانبوونی دوێنێ ناتوانێت بیانووی
گەندەڵکاری ئەمڕۆ بێت!
هەنگاوی پێنجەم
- دروستکردنی فەزای ئازاد بۆ رەخنە:ئەو کەسانەی رەخنە دەگرن و داوای باشتر دەکەن،
خائین نین، بەڵکو ئەوانن بە راستی خەریکی بەرژەوەندی نیشتمانن، پێویستە
پشتیوانییان لێ بکەین و گوێیان لێ بگرین.
کۆتایی: دوو
رێگە، ئێمە لە رێگەی دوو رێدا بژاردەیەکمان هەیە.
رێگەی
یەکەم:بەردەوام بین لە نەخۆشی ستۆکهۆلم سیندرۆم، بە شانازییەوە زنجیرەکانمان ماچ
بکەین، و بۆ نەوەکانمان ژیانی کۆیلایەتی بەجێبهێڵین.
رێگەی
دووەم:بەئازادانە بیر بکەینەوە، وەک هاوڵاتی ئازاد مامەڵە بکەین، و داوای ئەو
هەرێمە بکەین کە شایەنی خەم و قوربانی و ئازارمانە.
نیشانەی ئازادی
ئەوە نییە کە کێ لە دەسەڵاتە، بەڵکو ئەوەیە کە ئازادانە بتوانین رەخنەی بگرین،
پرسیار بکەین، و لێپرسینەوە بکەین، بەبێ ئەوەی بە خائین تاوانبار بکرێین!
تێبینی
کۆتایی:ئەمە ڕوودەدات کاتێک گەل فەرامۆش دەکات کە دەسەڵاتدار خزمەتکاری ئەوانن،
نەک گەورەیان واتە فەرامۆشیان کردووە کێ کۆیلەیە و کێ خاوەنە!