دوای بڕیاری خەزێنەی ئەمریكا بۆ سزادانی چەند دامەزراوەیەكی عێراق وتەبێژی حكومەت دەڵێت، سەرۆک وەزیران داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای نیشتیمانی کردووە بۆ ئەم پرسە و دەشڵێت، سەروەری یاسا و جێبەجێکردنی ئەو بناغەیەیە کە دەوڵەتی عێراق پیادەی دەكات و پابەندیشە بەو پەیماننامە و رێککەوتنە نێودەوڵەتیانەی واژۆی کردووە.
ئەمڕۆ شەممە ١١ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، باسم عەودای، وتەبێژی حكومەتی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا وتی، حکومەتی عێراق دووپاتی دەکاتەوە، سەروەری یاسا و جێبەجێکردنی ئەو بناغەیەیە کە دەوڵەتی عێراق پیادەی دەكات لە هەموو لایەنەکانی کارەکانیدا و پابەندە بەو پەیماننامە و رێککەوتنە نێودەوڵەتیانەی کە عێراق واژۆی كردووە.
ئاماژەی
بەوەشکرد، حکومەت لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ بڕیارەکانی ئەم دواییەی گەنجینەی
ئەمریکا دەکات سەبارەت بە سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا بەسەر کۆمپانیای موهەندیسی
گشتی و هەندێک قەوارەی دیکەدا، بە تۆمەتی پەیوەندییان بەو قەوارانەی کەوتوونەتە
ژێر رێکاری یاسایی ئەمریکاوە.
دەشڵێت،حکومەتی عێراق بۆ ئەم کارە تاکلایەنە بە داخە و بە ناتەبای دەزانێت لەگەڵ گیانی
دۆستایەتی و رێزگرتنی یەکتر، کە لە مێژە تایبەتمەندی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی
نێوان هەردوو وڵات بووە و گرتنەبەری بڕیارێکی لەو شێوەیە بەبێ راوێژ یان گفتوگۆی
پێشوەختە، پێشینەیەکی نەرێنیە لە مامەڵەی وڵاتانی هاوپەیمان.
وتیشی، عێراق
داوا لە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی دەکات، کە لە پێشەنگییان ئەمریکایە، هاوکاری
بکەن لە ئاڵوگۆڕی زانیاری تەکنیکی و بانکیدا، بەتایبەتی لەگەڵ پرۆسەی چاکسازیی
پەیكەری گشتی سیستەمی بانکی و دارایی عێراق کە ئەم حکومەتە ئەنجامی داوە.
باسی لەوەشکرد،
سەرۆکی حکومەت رێنمایی پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای نیشتیمانی کرد کە لە نوێنەرانی
وەزارەتی دارایی و دەستەی باڵای وردبینی و دەستەی دەستپاکی و بانکی ناوەندی
پێکدێت، بۆ پێداچوونەوە بەو پرسە پەیوەندیدارەو راپۆرت و راسپاردەکانی لە ماوەی ٣٠
رۆژدا پێشکەش بکات، بۆ گرتنبەری رێوشوێنی یاسایی و کارگێڕی پێویست.
جەختیشی
كردەوە، سەرۆك وەزیران جەختی لە بەرپرسیارێتی دەوڵەت کردووتەوە لە پاراستنی
مامەڵەكارانی مەدەنی و پڕۆژە گرنگەکانی پەیوەست بەو کۆمپانیایانە و دڵنیابوون لە
بەردەوامیی خزمەتگوزارییەکان بەبێ پەککەوتن و دڵنیابوون لەوەی کە هەر رێوشوێنێکی
راستكردنەوە کاریگەری لەسەر مافی هاوڵاتیان یان مامەڵەكاران نەبێت كە پەیوەندییان
بەو چالاکییانەی نییە کە لە ژێر لێكۆڵینەوەدان.
دووپاتیشی کردەوە،
"عێراق هەر چالاکییەکی ئابووری یان دارایی رەتدەکاتەوە، کە لە چوارچێوەی
یاسایی نیشتمانی لابدات یان بۆ دابینکردنی دارایی گروپە چەکدارەکان، یان ناکۆک بێت
لەگەڵ بەرژەوەندی باڵای گەلەکەمان".
وتیشی، حكومەت
بەردەوام دەبێت لە رێوشوێنە شەفافەكانی بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی سامانی گشتی و
رێگریکردن لە هەر قەوارەیەک لە مامەڵەكردن لە دەرەوەی سیستەمی دەوڵەت، بەبێ
قبوڵکردنی هیچ سەرپەرشتیاری یان دەستوەردانێک لە کاروباری ناوخۆدا.