سەردێڕ:

خوێندن و بڕوانامە

PM:08:08:09/10/2025
312 جار خوێندراوەتەوە
گۆران هەڵەبجەیی
+ -

لە باشووری کوردستان لەو دەمەی یەکێتی و پارتی قۆرخی دەسەڵاتیان کردوە، هیچ کایەو بوارێک نەماوە کەدەستیان بۆ نەبردبێت و وێرانیان نەکردبێت، گەر ئەم دەستێوەردان و موداخەلەیە بە ڕووە پۆزەتیڤەکەیدا بوایە واتە بەمەبەستی خزمەت و گەشەکردن بوایە ئەوە جێگەی دەستخۆشی و پێزانین دەبوو.

هەرنەتەوەیەک گەر نەیتوانی بواری خوێندن بەباشی بەرێت بەڕێوە و سەرکەوتوونەبوو تێیدا ئەوە بەدڵنیاییەوە ئایندەیەکی تاریک چاوەڕێی هەم بوارەکەو هەم وڵاتیش دەکات، لەباشووری کوردستان بواری خوێندن لە بنەڕەتیەوە بگرە تا دوای زانکۆش کە ماستەرو دکتۆرایە، لەلایەن هەردوو حیزبی دەسەڵاتدارەوە بێ بەها کراوە.

وەک پێشتر ئاماژەم پێدا خراپبوونی دۆخی سەکتەری خوێندن دەگەڕێتەوە بۆ سەرانی هەردوو حیزب کە بەمەبەست کراوەو دەکرێت، ئەویش لەپێناوی ئاسانکاری بۆخۆیان بۆ وەرگرتنی شەهادەی ساختە، واتە هەموو پرۆسەکەیان کردە قوربانی چەند دکتۆرایەکی ساختە.

مەبەستیش لەوەرگرتنی شەهادەی ساختە کە بە تەکلیفێک و بڕێک پارە کەسێک وەری دەگرێت، بۆ ئەوەنیە کە پاشان خزمەتی پێ بکات، چونکە ناتوانێت وناشخوازێت، بەڵکو تەنها یەک مەبەستی هەیە و زۆرش گرنگە، ئەویش تا پێی بڵێن {دکتۆر} کە لەپەنای ئەم ناوەوە خۆی لەئاستێکی باڵادا دەبینێت کە ئاستێکی ساختەیە.

ئەوەی سەیرە ئەو گشت خاوەن دکتۆرایەی نێو هەردوو حیزب کەس نازانێت لە چ بوارێکدا وەریان گرتووە و خۆیشیان هەرگیز باسی ناکەن چونکە شەرم لە باسکردنی دەکەن، ئەم دووحیزبە لە هەموو کارێکی خراپدا مونافەسەی یەکتر دەکەن جگە لەکاری باشە، لەم بوارەشدا هەمان شتە بەوەی گەر ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێک لەو دووحیزبە دکتۆرایەکی ساختەی وەرگرت ئەوە دەبێ یەکێکی ئەولاش وەری بگرێت، هەر بەم هۆیەوە لەدوای ڕاپەڕینەوە تا ئێستا بواری خوێندن لەئاستێکی زۆر زۆر داتەپیو و خراپدایە، دەرچوانی زانکۆ شارەزاییەکی ئەوتۆیان لەبوارەکەی خۆیاندا نیە.

یەکێک لەو لایەنانەی لە ناشیرین کردن و خراپکردنی ئاستی خوێندن بەشدارە، هەندێک زانکۆی ئەهلین،ئەمانە بەمەبەستی چنگ کەوتنی بڕێک پارە بێ ڕەچاوکردنی پرەنسیپ ومەرج و ئسوڵیاتی بەخشینی دکتۆرا، هەڕەمەکی دەیبەخشن.ئەوەی جێی داخە ئەو کەسانەی کە ئەوشەهادە ساختانە دەبەخشن بزانن یا نا خیانەت لە پیشەکەیان دەکەن و بێڕێزیش بە زانست.

بێ گوێدانە ئاکامە خراپەکانی کارەکانیان ئەوکەسانە ئامادەن لە پێناو بڕێک پارەو دەستخۆشیدا لەسەر تێکدانی ئاستی خوێندن بەردەوامبن، ئەوانە زۆر باش دەزانن کە ئەو کەسەی ماستەر یا دکتۆراکەی پێدەبەخشن شایانی نیە.

ئەوەی زانراوە هەندێک لەو زانکۆ ئەهلیانەی ئەوجۆرە شەهادانە دەبەخشن سەر بە دەسەڵات و دووبنەماڵەکەن، ئەو زانکۆیانە ماستەر بە سێ هەزاردۆلار و دکتۆرا بە پێنج هەزاردۆلار دەفرۆشن.

دەمێک بەخشینی زانست و گەشەکردنی لە وڵاتە دواکەوتوەکاندا بووە پارە ئەوە دەستی لێ بشۆ، چونکە لەم حاڵەدا پارە دەبێتە ئامرازی سەرەکی و زانستیش دەبێتە پاشکۆ.

ئەم گەندەڵیە تەنها هەندێک لە زانکۆ ئەهلیەکانی هەرێمی نەگرتوەتەوە، بەڵکو بڕێک زانکۆی ئەهلی گرتوەتەوە کە بارەگاکانیان لە ئەوروپایە و خاوەنەکانیان عەرەبن، ئەمانەش هەڵپەیانە تا بەشێک لەو کێکەیان بەر بکەوێت.

ئەم زانکۆیانە بەمەبەستی بەدەستهێنانی پارە چەند کەسێکی بێویژدانیان خستوەتەکار کە پێیان دەڵێن دکتۆر یا پرۆفیسۆر، تا ئەوجۆرە شەهادانە لە هەندێک لەشارەکانی عێراق وە بەتایبەتی لەهەرێمی کوردستان ببەخشن، یەکێک لەو زانکۆیانەی هەندەران کە لەم کارە قێزەوەنەوە تێوەگلاوە ناوی (ئەکادیمیای ئەلبۆرگ بۆزانست)ه کە خاوەنەکەی کەسێکی عێراقیە بەنێوی طلال ئەکرەم، ئەلبۆرگ باژێڕێکە دەکەوێتە باکووری وڵاتی دانمارکەوە، چەند مانگێک لەمەوبەر بەناوی ئەم ئەکادمیەوە دکتۆرایان بەخشیە کەسێک کە نە ئامادەیی بەهەقی خۆی تەواو کردوە نە یەک ڕۆژ دەوامی زانکۆی کردوە نە ماستەری هەیە ، کەچی لەماوەی چەندکاتژمێرێکدا کردیانە دکتۆر.

دووشتی سەیر سەرنجمیان ڕاکێشا، یەکەمیان ناوی تێزی دکتۆراکەیەتی کە جێگەی پێکەنینە (پەیوەندی سیاسی نێو دەوڵەتی و کاریگەری لەسەر بەشداری وەرزشی) العلاقات السیاسیە الدولیە وە انعکاساتها علی المشارکات الریاضیە، بەلای کەمەوە دەبوو کەسێک ببێتە خاوەنی ئەم تێزە کە کۆلیژی پەروەردەی وەرزشی تەواو کردبێت یاخود شارەزایی لە چالاکیە وەرزشیەکانی جیهانیدا هەبێت بەتایبەتی ئۆلۆمپیاد، دڵنیام ئەو شارەزایی لە هیچیاندا نیە.

خاڵی دووەم ئەو کەسانەی کەسەرپەرشتی تێزەکەیان کرد، بڕواناکەم هیچیان شارەزاییان لە وەزش یاخود لە خولەکانی ئۆلۆمپیاتدا هەبێت کە گەورەترین و گرنگترین ڕووداوی وەرزشیە لەسەر ئاستی جیهان، کەواتە ئەمەش کەماسیەکی تری ئەو بەخشینەیە ئەم کارەی ئەکادیمیای تەکنەلۆجی ئەلبۆرگ بێڕێزیە بە پیرۆزترین بوار کە خوێندنە، بەم کارەی هیچ جیاوازیەکی نیە لەگەڵ ئەو زانکۆیانەی عێراق کە دکتۆرای ساختە دەبەخشن.

بۆئەم مەبەستە پەیوەندیم بە سەرۆکی ئەم ئەکادیمیایەوە کرد دکتۆر طلال تا لەوبارەوە ڕوونکردنەوە بدات، بەڵام نەچوەژێرباری و ئامادەنەبوو هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەوبارەوە بدات، سەرەتا نکولی لە بەخشینی ئەو دکتۆرایە کرد بەناوی ئەکادیمیەکەیانەوە، بەڵام دەمێک وێنەکانم نارد بۆی هیچ وەڵامێکی نەبوو، بەبەهانەی نەخۆشی کۆتایی بەگفتوگۆکە هێنا، پاشان چەندین جار هەوڵمدا پەیوەندی پێوەبکەم بێسوود بوو.

هۆکاری وەڵامنەدانەوەش ئەوەیە کە ناتوانێت نکولی لەوکارەبکات کەلە سلیمانی کراوە، جگەلەوەش دەزانێت کە کارێکی نایاسایی و نازانستی کردوە.

گەلەری