سەردێڕ:

بە تۆمەتی رفاندنی چەکی نەخۆشخانەیەک؛ سێ کەس دەستگیرکران

PM:12:41:10/10/2025

872 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی شەوی رابردوو چەکی پاسەوانی نەخۆشخانەیەک لەلایەن کەسێکەوە رفێندرا، پۆلیسی سلێمانی دەڵێت ئەمڕۆ سێ تۆمەتبار لەسەر رووداوەکە دەستگیرکران.


ئەمڕۆ هەینی ١٠ـی تشرینی یەکەمـی ٢٠٢٥، پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو دوای کاتژمێر ١٢ی نیوە شەو سێ‌ كەس بەمەبەستی سەردانیکردن رۆیشتنە نەخۆشخانەی شار و بە هۆكاری ئەوەی کە سەردانیكردن بەپێی یاسا و رێنماییە بەركارەكان لەو کاتەدا رێگە پێدراو نییە، کارمەندی پاسەوانی بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانەکە رێگری لێکردوون.

وتیشی، لە رووداوەکەدا کەسێکیان دوور لە راستی خۆی بە پزیشکی نەخۆشخانە ناساندووە و کەسێکی دیکەش لەژێر کاریگەری خواردنەوە کحولییەکاندا بووە، دواتر گرژی و ئاڵۆزی درووست بووە و هێرشیان کردووەتە سەر کارمەندی نەخۆشخانەکە.

باسی لەوەشکرد، لە رووداوەکەدا یەكێكیان چەكی كارمەندەکەی ڕفاند و تەقەی کرد، دواتر هەڵات، دەستبەجێ‌ لەلایەن بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانەکەوە دوو لە تۆمەتبارەكان دەستگیرکران و لە ماوەیەكی زۆر كەمیشدا تۆمەتباری سێیەم دەستگیركرا .

روونیشیکردەوە، تۆمەتباران تەمەنیان ٥٦ ساڵان و ١٩ ساڵان و ٢١ ساڵانە، بە بڕیاری دادوەر و بە پێی ماددەی ٣١/٤٠٥ لە یاسای سزاکانی عێراقی راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە .














گەلەری