ئاژانسێکی جیهانی بڵاویکردەوە، ئەمریکا فشاری خستووەتە سەر عێراق بۆ ئەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بۆرییەوە بەزوویی دەستپێبکاتەوە و تاکو رێگری بکرێت لە بەقاچاخبردنی نەوت.
ئەمڕۆ هەینی ٢١ـی شوباتـی ٢٠٢٥، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری هەشت چاوگەوە بڵاویکردەوە، ئیدارەی ترەمپ فشاریان لە عێراق کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بەشێوەیەکی خێرا لە رێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەوەتەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە
راگیراوە بەقاچاخبردنی نەوت بۆ ئێران زیادی کردووە و لەئێستادا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی
ئەمریکا دەیەوێت زۆرترین فشار بخاتە سەر ئێران و بە قاچاخبردنی نەوت بۆ ئێران نەهێلێت
کە تاران لە رێگەیەوە داهاتێکی زۆر بەدەستدەهێنێت.
ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەمریکا دەیەوێت بەم هەنگاوە کۆتایی بە ناکۆکی دوو ساڵەی
نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ بهێنێت هەناردەکردنی زیاتر لە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی
هەرێم لە رۆژێکدا لە رێگەی تورکیاوە بۆ بازاڕە جیهانییەکان دەستپێبکاتەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، یەکێتی و پارتی بە هاوبەشی نەوت بە قاچاخ و لە رێگەی
تانکەرەوە ئاودیو دەکەن و لە رێگەیەوە مانگانە بڕی ٥٠٠ ملیار دیناریان دەستدەکەوێت
و نایگەرێننەوە بۆ خەزێنەى حکومەت.