سەردێڕ:

حکومەتی کاربەڕێکەر داوادەکات هەناردەی نەوتی هەرێم بە زووی دەستپێبێبکاتەوە

PM:07:01:19/02/2025

952 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی کاربەڕێکەر لەكۆبوونەوەی ئاسایی ئەمڕۆیدا پشتیوانیی خۆی بۆ جوتیارانی كورد لە كەركوك دووپاتكردەوە و لەبارەی دۆسیەی نەوتیشەوە داوایكرد، بە زووترین كات هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩ـی شوباتـی ٢٠٢٥، بەگوێرەی راگەیەندراوێكی حکومەتی کاربەڕێکەر، بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حکومەتی کاربەڕێکەر و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حکومەتی كاربەڕێکەر، حکومەتی کاربەڕێکەر کۆبوونەوە و گفتوگۆیان کرد لەبارەی کێشەی جوتیاران لە سنووری کەرکوک و بابەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم.

لەکۆبوونەوەکەدا ئاماژەیان بەوەکرد، ئەو رەفتارەی بەرامبەر جوتیارانی کورد کرا کارێکی نادەستووری و نایاساییە و پێویستە جوتیاران ئازادانە مافی کێڵان و سوود وەرگرتنیان لە موڵکی خۆیان هەبێت.

ئەوەش خرایەڕوو، حکومەتی کاربەڕێکەر جەختیكردەوە كە هەرێم داوا دەكات هەرچی زووە، هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە و ئەمەش، لە بەرژەوەندی هەموو لایەنەكانە، چونكە بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوت لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢٣ـوە، چەندین ملیار دۆلار زیان بە داهاتی گشتی عێراق گەیشتووە.

هاوکات، حکومەتی کاربەڕێکەر وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی راسپارد، كە لەسەر رێكار و میكانیزمەكانی دەستپێكردنەوەی نەوتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ لە هاوکاری و هەماهەنگی بەردەوام بن، بە تایبەتیش كە ئێستا یاساكە كەوتووەتە بواری جێبەجێكردن و رێگریی یاسایی لەبەردەم پرۆسەكە نەماوە و یاساكە نەخشەڕێگەی بابەتەكەی بە روونی دەستنیشان كردووە.













گەلەری