سەردێڕ:

لە دهۆک بەهۆی گۆڕینی ناوی نەخۆشخانەیەکەوە گرژیی لەنێوان بەشێکی هاوڵاتیاندا دروستبوو

AM:09:41:19/02/2025

1852 جار خوێندراوەتەوە

لە کۆمەڵگەی هێتیتی سەر بە پارێزگای دهۆک، بەهۆی گۆڕینی ناوی نەخۆشخانەیەکەوە گرژی و ئاڵۆزیی لەنێوان بەشێک لە هاوڵاتیاندا دروست بوو.


ئەمرۆ چوارشەممە ١٩ـی شوباتـی ٢٠٢٥، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، کێشەکە سەرەتا لەوەوە دەستی پێکردووە، حکومەتی کاربەڕێکەر لە کۆمەڵگەی هێتیتی سەر بە پارێزگای دهۆک نەخۆشخانەیەکی دروست کردووە و بە هاوڵاتیانی وتووە کە ناوی نەخۆشخانەکە دەکەنە نەخۆشخانەی هێتیت، بەڵام دواتر ناوی نەخۆشخانەکە کراوەتە نەخۆشخانەی شۆڕش.

باسی لەوەش کرد، بەهۆی گۆڕینی ناوی نەخۆشخانەکەوە، بەشێک لە هاوڵاتیانی کۆمەڵگەی هێتیت ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، دواتر بە بڕیارێک ناوی نەخۆشخانەکە گۆڕدراوە بۆ نەخۆشخانەی شۆڕش –هێتیت.

ئەوەشی خستە روو، دواتر گرژی و ئاڵۆزیی لەنێوان بەشێک لە هاوڵاتیاندا دروست بووە و چەن کەسێک بە سووکی بریندار بوون.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەو نەخۆشخانەیە ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە کاری تێدا دەکرێت و چەند جارێک پارەی بۆ دابینکراوە و دواتر بەجێ هێڵدراوە، لە ئێستاشدا نەخۆشخانەکە نە دەرمانی پێویستی تێدایە، نە پزیشکی پسپۆڕ.













گەلەری

‌بەپەلە