حکومەتی عێراق و پەرلەمان دڵنیایی دەدەنە مووچەخۆران و دەنگۆی هەر کورتهێنانێکی داراییان رەتکردەوە کە کاریگەری لەسەر دابەشکردنی مووچە هەبێت، سەرۆکی لیژنەی دارای پەرلەمانیش دەڵێت، مووچە بە تەواوی مسۆگەرە.
ئەمرۆ چوارشەممە ١٩ـی شوباتـی ٢٠٢٥، وەزارەتی دارایی، پابەندبوونی تەواوی خۆی بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و ئەوانەی چاودێری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە بەبێ هیچ دواکەوتن و کەمیی بودجەیەک، دووپاتکردەوە.
هاوکات، عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی
دارایی پەرلەمانی عێراق راگەیاند، مووچە بە تەواوی مسۆگەرە، دڵنیایی دەدەینە مووچەخۆران
کە پارەی مووچە هیچ کێشەیەکی بۆ دروست نابێت و تەنها بە داهات نەوت دەتوانین زۆربەی خەرجییەکانی دیکەش دابین بکەین.
ئاماژە بەوەکراوە، ئەوەی لە هەندێک لە
دەزگاکانی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە بێتوانایی حکومەت لە دەستەبەرکردنی
مووچەدا بڵاودەبێتەوە دوورە لە راستییەوە، ئامانجەکەی تەنها سەرلێشێواندنی خەڵکە.
ئەمە
لەکاتێکدایە، چەند رۆژێکە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان وا بڵاوبووەتەوە، کورتهێنانی گەورەی
دارایی لە گەنجینەی گشتی عێراقدا هەیە و حکومەت توانای ئەوەی نییە مووچەی
فەرمانبەران و چاودێری کۆمەڵایەتی دابین بکات.