ئێن ئاڕ تی وەک یەکەم کەناڵی ئەهلی بێلایەن دەستی بە پەخشکرد و ئێستاش سەرەڕای رووبەڕووبوونەوەی چەندان جار سوتان و داخستن و فشار بە دروشمەکانی "راستگۆیی، هاوسەنگیی، بوێریی" بەردەوامە لە گەیاندنی دەنگی خەڵک.
ئێن ئاڕ تی ساڵی ٢٠١٠ بیرۆکەو رێکارەکانی دامەزراندنی دەستیپێکرد، رووداوی خۆپیشاندانەکانی ١٧ـی شوبات پەخشی کەناڵەی پێش خست و لە ١٧ـی شوباتی ساڵی ٢٠١١ و لەگەڵ دەستپێکی خۆپێشاندانەکان دەستی بە پەخشکرد.
سات بە سات رووماڵی خۆپیشاندانەکانی دەکرد. لە ماوەی تەنها سێ رۆژدا
بووە کەناڵی یەکەم و پڕبینەرترین کەناڵ و وەک خۆی وێنەی خۆپیشاندانەکان و گۆڕانکارییەکانی
هەرێمی دەگواستەوە و هەموو بۆچوونەکانی دەخستەروو.
ئەوکات هیچ کام لە کەناڵەکان روماڵی خۆپیشاندانەکەیان نەکرد لەکاتێکدا
لە شاری سلێمانی شەهید و بریندار هەبوو، هەربۆیە ئێن ئارتی بە دەستپێکەکەی بووە کەناڵی
خەڵک و گەیاندنی کێشە و گرفتەکانی.
دوای تەنها سێ رۆژیش لە دوای پەخشەکەی و لە رۆژی ٢٠ـی شوباتدا، لەنیوەشەودا
گروپێک چەکدار بە دەمامکەوە هەڵیانکوتایە سەر ئۆفیسی سەرەکی کەناڵەکە لە گوندی ئەڵمانی
لە سلێمانی و ئاگریان بەردایە باڵەخانەکە و پاسەوانێکیشیان بریندار کرد و زیانێکی
گەورەیان بە کەناڵەکە گەیاند، هەواڵەکە هەر زوو بە میدکانی ناوچەکەشدا بڵاوبووەوە.
دوای دوو ساڵ و لە شوباتی ٢٠١٣ بە بۆمب هێرشکرایە سەر کەناڵەکە و لە کۆتاییەکانی
هەمان ساڵیشدا تەقە لە شاسوار عەبدولواحید کرا و بریندار کرا.
هاوکات جگە لە سوتان و دووجار داخستنى ئۆفیسى سەرەکى کەناڵەکە، هەریەک
لە نوسینگەکانى هەولێر و دهۆک و بەغداش ١١ جار داخراون و زیان بەر کەلوپەلە میدیاییەکانیان
کەوتوون، کە بە چەندین ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت و تا ئێستاش کەناڵەکە قەرەبوو نەکراوەتەوە،
ئەمە جگە لەوەی دەیانجار هێرش کراوەتەسەر کارمەندانی کەناڵەکە.
دوای دوو مانگیش لەو رووداوە کەناڵەکە بە هەمان دروشمەکان لەناو هاوڵاتییانەوە
دەستی بە پەخشی ئاسایی خۆی کردەوە. ئێستا دامەزراوەی میدیایی نالیا لە کەناڵەکانی
ئێن ئارتی ١ و ئێن ئارتی ٢ و ئێن ئارتی سێی منداڵان و ئێن ئارتی چواری ئاینی و ئێن
ئارتی سپۆرت و رادیۆکانی نالیا ئێف ئێم و نالیا سپۆرت پێکدێت و رۆژ بە رۆژ لە
فراوانبووندایە
جیا لەوەی خاوەنی دیجیتاڵ میدیایەکی بەهێزە، کە لە پێنج وێبسایت و چەند
تۆڕێکی کۆمەڵایەتی فەرمی پێکدێت، رۆژانە بووەتە سەکۆی گەیاندنی دەنگ و رەنگی خەڵک،
ئەو هێرش و پەلامارانەی لە سەرەتای پەخشەوە تا ئێستا کراونەتە سەر کەناڵی ئێن ئاڕ
تی لەلایەن سەندیکا و رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە رۆژنامەنوسان
ئیدانە کراون. ئەو پێشێلکارییانەى لە ماوەی ١٤ ساڵى کارکردنى ئێن ئاڕ تی دا، بەرامبەر
کارمەند و رۆژنامەنووسەکانی کراون، پێچەوانەی یاساکانى کارى رۆژنامەنووسی بوون لە
هەرێم و عێراق، بەڵام تا ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەک لەبارەى ئەو هەڕەشە و پێشێلکارییانەوە
نەکراوە و دۆسیەی سوتانی کەناڵەکەش بێ ئەنجام و بۆ هەمیشە داخرا.
ئێن ئاڕ تی سەرەڕای فشارە بەردەوامەکان، کەناڵی هەموو رەنگەکانە و کاریگەرتر
و بەهێزتر، بە هەمان دروشمەکانی خۆی بەردەوام دەبێت لە گەیاندنی دەنگی هاوڵاتییان.