سەردێڕ:

سبەینێ سێ بارمتەى ئیسرائیل بەرامبەر بە ٣٦٩ زیندانی فەڵەستینی ئازاد دەکرێن

PM:11:51:14/02/2025

4708 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە سبەینێ گروپە چەکدارەکانى غەززە سێ بارمتەى ئیسرائیلی ئازاد بکەن لە بەرامبەردا ئیسرائیل ٣٦٩ زیندانی فەڵەستینی كە ژمارەیەكیان زیندانی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنرابوو ئازاد دەکات.


ئەمڕۆ هەینی ١٤ـی شوباتـی ٢٠٢٥، بڕیارە سبەینێ ئیسرائیل ٣٦ سزادراوی هەتاهەتایی و ٣٣٣ زیندانیكراوی دیكە ئازاد بکات كە لە دوای حەوتی ئۆكتۆبەرەوە دەستگیر كرابوون.

ئەوەش دوای ئەوەی كە بزووتنەوەی حەماس ناوی سێ بارمتەى ئیسرائیلی بڵاوكردەوە كە سبەینێ لە چوارچێوەی قۆناغی یەكەمی رێككەوتننامەی ئاگربەستدا ئازادی دەكات کە هەریەك لە (ساجی دیكڵ چین و یایر هورن) سبەینێ رادەست دەكرێنەوە و بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامیش ئاشكرای كرد دیلێكی ئیسرائیلی كە هەڵگری رەگەزنامەی روسیە بەناوی (ئەلیكساندەر توربانۆڤ) رادەست دەكەنەوە.

هاوکات، ئاژانسەکانى هەواڵ لە زاری بەرپرسێكی بالای ئیسرئیلەوە بڵاوی كردووەتەوە ئەگەر سبەینێ حەماس ئەو سێ بارمتەیەی كە بەڵێنی داوە بەپێی رێككەوتنەكە رادەستی بكاتەوە، ئەوا ئیسرائیل ناگەڕێتەوە بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ و درێژەیش بە ئاگربەستەكە دەدات.

ئەوەش لەکاتێکدایە، تاكو ئێستا ١٦ بارمتەى ئیسرائیلی و سەدان فەڵەستینی لە چوارچێوەى رێککەوتنى ئاگربەستى غەزە ئازاد كراون.

 













گەلەری

‌بەپەلە