پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، باندێکیان دەستگیرکردووە بە تۆمەتی فێڵکردن و دزینی پارە لە چەند هاوڵاتییەک.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٣ـی شوباتـی ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، باندێکیان بە تۆمەتی فێلكردن دەستگیرکردووە کە فێڵیان لە چەند هاوڵاتییەک کردووە و بڕە پارەیەکی زۆری هاوڵاتییانیان بردووە.
ئاماژەیان بەوەشکرد، شێوازی فێڵەکە بەو شێوەیە
بووە کە یەکێک لە ئەندامانی باندەکە تەلەفۆنی بۆ خاوەن کارێک کردووە کە کاریان بۆ
بکات، دواتر داوای لێکردووە کە سەردانیان بکات بۆ ماڵەوە بۆ ئەوەی کارەکە ببینێت و
مامەڵەکە بکەن و دواتر لە کاتی سەردانیکردندا، هەر ئەو کەسە تەلەفۆنی بۆ هەمان خاوەن
کار کردووە کە لەسەر رێگای خۆی پۆستێک هەیە بۆی وەربگرێت و پارەی پۆستەکەش بدات، کە
بڕی پارەکە زۆر بووە.
باس لەوەش دەکەن، دواتر هەرچۆنێک بێت وایان لەو
خاوەن کارە کردووە بڕوایان پێ بکات و پارەکە بدات، بۆیە پارەکەی داوە و پۆستەکەی وەرگرتووە
تاکو دەگاتە لای و پارەکەی بدەنەوە و ئەو کەسەی کە پۆستەکەشی بە خاوەن کارەکە داوە
و پارەکەی لێ وەرگرتووە، ئەندامی هەمان ئەو باندە بووە، دوای ئەوەی کە پارەکە وەرگیراوە،
تۆمەتباران ژمارە مۆبایلیان داخستووە.