PM:10:55:11/02/2025
1284 جار خوێندراوەتەوە
شارەوانی سلێمانی رایگەیاند، لیژنەیەکی تایبەتیان پێکهێناوە بۆ کۆکردنەوە و رێکخستنی داتای هەموو مۆڵەتە نیشتەجێی و بازرگانییەکان کە لە ماوەی ساڵانی ١٩٨٨ تا ٢٠٢٤، دەشڵێت، هاوڵاتییان لەکاتی ونبوون یاخود لەناوچوونی بەڵگەنامەکان دەتوانن بە ئاسانی وەریبگرنەوە و ئەو کارەش بۆ دڵنیابوونە لە جێبەجێکردنی یاساکان و پاراستنی مافەکانی هاوڵاتییانە.
ئەمڕۆ سێشەممە ١١ـی شوباتـی ٢٠٢٥، سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بە فەرمانی سەرۆکی شارەوانی سلێمانی لیژنەیەکی تایبەتیان پێکهێناوە بۆ کۆکردنەوە و رێکخستنی داتای هەموو مۆڵەتە نیشتەجێی و بازرگانییەکان لە ماوەی ساڵانی ١٩٨٨ تا ٢٠٢٤. هەروەها بڕیارەکانی ئەنجومەنی شارەوانی لە ساڵی ٢٠٠٠ـەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئامانجی سەرەکی ئەم پڕۆژەیە پاراستنی مامەڵەکانی هاوڵاتییانە، لەڕێگای
دروستکردنی داتابەیسێکی ئارشیفی فەرمی کە هەمو مۆڵەت و بڕیارەکان تێیدا تۆمار دەکرێن.
ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو داتابەیسە وەک سەرچاوەیەکی
یاسایی و پشتڕاستکراو کاردەکات، بۆیە هاوڵاتییان لەکاتی ونبوون یاخود لەناوچوونی
بەڵگەنامەکان دەتوانن بە ئاسانی و بە هۆکاری یاساییەوە مامەڵەکانیان لە فەرمانگەکە
وەربگرنەوە.