لە کۆتاییدا مووچەی خانەنشینانی هەرێم رێککەوتنی لەسەر کرا و مووچەی تەواوی خانەنشینانی مەدەنیی هەرێم هاوتای عێراق دەکرێت. وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەریش دەڵێت، لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە نۆی ساڵی ٢٠١٤ی خانەنشینی یەکگرتوو لەگەڵ حکومەتی عێراق رێککەوتوون.
خانەنشینانی مەدەنیی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان زیاترە لە ١٧٥ هەزار خانەنشین هاوشێوەی عێراق مووچەکانیان هاوتا دەکرێت و ئەو خانەنشینانەی لە ناوەڕاستی ساڵی رابردووەوە مووچەکانیان هاوتاکراوە وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت.
بڕیارە خانەنشینانی
مەدەنی مووچەی مانگی دوو بە هاوتاکراوی وەربگرن، هەروەها لە مووچەی مانگی دووەوە جیاوازی لێبڕین
و ١٠٠ هەزاری دەرماڵە بۆ خانەنشینان خەرج دەکرێتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت
مووچەی خانەنشینانی سەربازیی لە مووچەی مانگی سێوە هاوتای خانەنشینانی عێراق بکرێت. هاوکات، ئەوەی دەمێنێتەوە
ئیکرامیەی خانەنشینانە و بەم جۆرە پێیان دەدرێ:
١- رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی ٧٠ ملیار دینار بۆ ئیکرامیەی
خانەنشینان دراوە.
٢- سەرجەم ئەو
فەرمانبەرانەی لە ١ی ١ی ئەمساڵەوە خانەنشین بوون ئیکرامیە وەردەگرن.
٣- ئەو خانەنشینانەی
زیاتر لە ٢٥ ساڵ خزمەتیان هەیە، ١٢ مووچەی تەواو و شەش مووچەی بنەڕەتی وەک ئیکرامیە
وەردەگرن.
بەڵام، ئەو خانەنشینانەی ٢٥ ساڵ کەمتر خزمەتیان کردووە،
بەپێی ساڵانی خزمەتیان و بڕوانامەکانیان،پێدانی ئیکرامیەکەیان دەگۆڕێت.