سەردێڕ:

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق: رێگە دەدەین بەرهەمە پەلەوەرییەکانی هەرێم بهێنرێنە شارەکانی عێراق

PM:10:08:10/02/2025

7316 جار خوێندراوەتەوە

دوای نزیکەی ٢٠ رۆژ لە راگرتنی، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بازگەکانی بەرووی بەرهەمە پەلەوەرییەکانی هەرێم کردەوە و دەڵێت، تەنها رێگە نادەن بەرهەمەکانی مەخموور بچنە ناو شارەکانی عێراق.


ئەمڕۆ دووشەممە ١٠ی شوباتی ٢٠٢٥، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، دوای دڵنییابوونەوەیان لە نەبوونی ئەنفلۆنزای باڵندە لە کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێم، رێگە دەدەنبه رهەمە پەلەوەرییەکانی هەرێم بچنه ناو پارێزگاکانی تری عێراقەوە جگە لەو پەلەوەرانەی لە کێڵگەکانی سنوری مەخموردا هەن.

ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای گومانی هەبوونی ئەنفلۆنزای باڵندە نمونەیان لە کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێم وەرگرتووە و پشکنینی وردیان بۆ ئەنجام داون و سەرەنجام سەرجەم ئەنجامی پشکنینەکان نەرێنی بووە جگە لە کێڵگەیەک لە سنوری مەخموور کە ئەرێنی بووە.

ئەوەشی خستووەتە روو، لە ئێستادا کێڵگەکانی مەخموور لە بواری کەرەنتینەدان و و رێگە نادەن هیچ بەرهەمێک لەو سنورەوە بچێتە ناو شارەکانی عێراق.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە کۆتایی مانگی رابردوودا، بە هۆی گومانی هەبوونی ئەنفلۆنزای باڵندە چوونە ناوەوەی بەرهەمە پەلەوەرییەکانی لە کێڵگەکانی هەرێمەوە بۆ ناو شارەکانی تری عێراق راگرت.













گەلەری

‌بەپەلە