سەردێڕ:

ئیدارەی دەوڵەت بۆ جاری دووەم کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام نەدا

PM:05:50:10/02/2025

1884 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێکی سیاسی رایگەیاند، بەهۆی بایکۆتی کورد و سوننە، ئیدارەی دەوڵەت بۆ جاری دووەم شکست دەهێنێت لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی.


ئەمڕۆ دووشەممە ١٠ی شوباتی ٢٠٢٥، چاوگێکی سیاسی ئاگادار ئاشکرای کرد، کە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت ناچار بووە جارێکی تر کۆبوونەوەکەی دوابخات کە بڕیار بوو ئەم شەممەیە، بەڕێوەبچێت و بەهۆی ئامادەنەبوونی کورد و سوننە بۆ دوێنێ یەکشەممە دواخرا.

ئەو چاوگە بە ئاژانسی شەفەق نیوزی راگەیاند، "زۆربەی ئەندامانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بەشدارییان لە کۆشکی حکومەت کرد بۆ بەشداریکردن لەو کۆبوونەوەیەی کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر سەرۆکی حکومەت داوای کردبوو، بەڵام ئامادەنەبوونی هێزە سوننە و کوردییەکان لە کۆبوونەوەکەدا رێگری لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە کرد".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو هێزانەی ئامادەبوون سەرکردە و سەرکردایەتیەکانی چوارچێوەی هەماهەنگین و ئەوانیش لەنێو خۆیاندا باسیان لە زۆربەی مەلەفی گرنگەکان کردووە، ئەمە جگە لەوەی جەختیان لەسەر پێویستی یەکخستنی گوتار و کۆنترۆڵکردنی خێرایی بزووتنەوەی سیاسی بەپێی کۆنتڕۆڵەکانی رێککەوتنەکە یان کۆدەنگی سیاسی کردووەتەوە".

باسی لەوەشکرد، "ئامادەبووان جەختیان لەوە کردەوە کە هەر هێرشێک بۆ سەر رێککەوتنە سیاسییەکە لەلایەن هەر لایەنێکی سیاسییەوە هێرشکردنە سەر تەواوی پرۆسەی سیاسی".

لەمبارەیەوە عەلی تەمیمی شارەزای یاسایی دووپاتی کردەوە، "ئەو دانیشتنەی دادگای فیدراڵی سبەی سێشەممە ئەنجامی دەدات، ناتوانرێت لە بڕیارەکانیدا پێشبینی بکرێت، بەڵام چەند ئەگەرێک هەیە، لەوانە دواخستنی تاوتوێکردنی داواکەی پێشکەشکراو، یان رەنگە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدات ئەگەر داواکە ئامادە بێت، و رەنگە سکاڵاکاران بهێنێت و بڕیارێک دەربکات بۆ ئەوەی لەسەر هەندێک یاسا کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە". هەروەها ئەگەری سێیەم لەوانەیە ئەوە بێت کە داواکارییەکە بەهۆی نەبوونی دەسەڵاتی دادوەرییەوە رەت بکرێتەوە، بەمجۆرە هەموو ئەگەرەکان لە بڕیاردان لەسەر داوای یاسایی پێشکەشکراودا ئەگەری هەیە."













گەلەری