سەرۆکی دەستەی کۆمسیاران لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، کۆمسیۆن ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٥ دەستیپێکردووە و ناوەندەکانی تۆمارکردن لە پارێزگاکان لە ئێستادا تۆماری بایۆمەتری دەنگدەران ئەنجام دەدەن.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٠ـی شوباتـی ٢٠٢٥، عومەر ئەحمەد، سەرۆکی دەستەی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، بەشەکانی کۆمسیۆن لە ئێستادا سەرقاڵی ئەنجامدانی راوێژکاری و هەماهەنگین بۆ ئامادەکردنی خشتەی کارکردن بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن.
ئەوەشی خستەڕوو، پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق (٤٥) رۆژ پێش
کۆتایی هاتنی خولی ئێستای پەرلەمان ئەنجام دەدرێت.
هەروەها وتیشی، "کۆمسیۆن ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن
لەو بەروارەی کە پەسەند دەکرێت و ئامادەکاری تەواومان هەیە بۆ ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنی
داهاتوو بە پێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بەسەرکەوتوویی بەڕێوە ببەین".
هاوکات دەشڵێت، هەموو ئەو ئامێرانەی لە هەڵبژاردنەکاندا بەکاردەهێنرێن
ئەلیکترۆنیین و لە رۆژی هەڵبژاردندا ئەم ئامێرانە بەکاردەهێنرێت، (ئامێری پشتڕاستکردنەوەی
ئەلیکترۆنی، ئامێری خێراکردنی ئەنجامەکانی ئەلیکترۆنی، ئامێری گواستنەوەی ئەنجامەکان).