AM:10:33:29/12/2024
1736 جار خوێندراوەتەوە
وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، ئیدارەی نوێ و ئێستای ئەمریکا هەموو ئامرازێکیان لەبەردەستە بۆ رازیکردنی ئۆکرانیا بۆ ئەنجامدانی ئاگربەست، وتیشی، لەمەودوا ئەگەر ئەمریکا و ناتۆ هەر موشەکێک لە دژی روسیا دروست بکەن ئەوا بێوەڵام نابێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٩ـی کانونی یەکەمـی ٢٠٢٤، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا بڵاویکردەوە، ئیدارەی ئێستا و نوێی ئەمریکا بەتەواوی دەتوانن دانوستان لە سەر پرسی ئۆکرانیا ئەنجامبدەن و ئەوەش بە راگرتنی پێدانی چەک و هەروەها رێگەدان بە ئۆکرانیا کە بە ئاگر بەست رازیبێت دەکرێت.
هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد، روسیا ئامادەی دانوستانە بەمەرجێک ئاسایسی
روسیا بپارێزرێت و جارێکی دیکە نەکەوێتە ژێر هەڕەشەوە، کە لە رۆژئاواوە سەرچاوە دەگرن
و بۆیە دەبێت ئۆکرانیا وەکو وڵاتێکی بێلایەن بمێنێتەوە.
باسی لەوەشکرد، ئەوان ئامادەن بۆ هەر سیناریۆیەکی رووداوەکان، لەگەڵ ئەوەشدا
ئامادەی گفتوگۆن و هەموو ئەو هەنگاوانە لەبەرچاو دەگرن کە دەبێتە هۆی دانوستان.