فڕۆکەیەک بە ١٨١ سەرنشینەوە لە کۆریای باشوور لەکاتی نیشتنەوەی تێکشکا و تا ئێستا ١٢٠ کەس گیانی لەدەستداوە و دوو کەسیش لە پشتەوەی فڕۆکەکەوە ڕزگارکراون.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٩ـی کانونی یەکەمـی ٢٠٢٤، وتەبێژی ئاگرکوژێنەوەی کۆریای باشور رایگەیاند، فڕۆکەکە بەهۆی نالەباری کەشوهەوا و پێکداکێشانی باڵندەوە لە رێڕەوی خۆی لایداوە و لە کاتی نیشتنەوەی تێکشکاوە، هاوکات بەشێکی ئاژانسەکانیش باس لەوە دەکەن فڕۆکەکە لەکاتی نیشتنەوەی تایەکانی نەکراوەتەوە و بەهۆیەوە لە رێڕەوەکەی خۆی لایداوە و خۆی کێشاوە بە دیوارێکی کۆنکرێتیدا.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای جیجو ئایر کە فڕۆکەکە سەر بە ئەوانە
دەڵێت، هیچ کێشەیەک لە فڕۆکەکەدا نەبووە. دەسەڵاتدارانی فڕۆکەوانیی کۆریایی باشووریش
باسیان لەوەکرد، فڕۆکەکە لە جۆری بۆینگ ٧٣٧ – ٨٠٠ بووە و سەربە کۆمپانیای جیجو ئایرە،
دەشڵێن فڕۆکەکە لە شاری بانگکۆکی پایتەختی تایلاندەوە بەرەو فڕۆکەخانەی مووانی
باشووری رۆژئاوای کۆریای باشوور هاتووە.
هاوکات، بەپێی داتاکانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی کۆریای باشوور،
تێکشکانی فڕۆکەکە خراپترین رووداوی فڕۆکەوانی بووە لە کۆریای باشوور، لەدوای
رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی ساڵی ١٩٩٧ کە بەهۆیەوە زیاتر لە ٢٠٠ کەس گیانیان
لەدەستدا.
ئەوەش لە کاتێکدایە، چوارشەممە هەفتەی رابردوو فڕۆکەیەکی نەفەر هەڵگری
ئازەربایجان لە گەشتێکیدا بۆ شاری گرۆزنی کۆماری چیچان بە ٦٧ سەرنشینەوە لە شاری
ئاکتاو لە کازاخستان کەوتەخوارەوە و بەهۆیەوە ٣٨ كهس گیانیان لهدهست دا و ٢٩ كهسی
تریش ڕزگار کران.