سەردێڕ:

وەزارەتی بازرگانیی عێراق: دەستمانکردووە بە بەئەلیکترۆنیکردنی فۆڕمی کۆبۆنی خۆراک

AM:08:26:28/12/2024

1784 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، دەستیان کردووە بە رێکارەکانی بە ئەلیکترۆنیکردنی فۆڕمی کۆبۆنی خۆراک. دەشڵێت، لە هەماهەنگیدان لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی هەرێم تا ناوی سەرجەم هاوڵاتیان تۆمار بکەن.


ئەمڕۆ شەممە ٢٨ـی کانونی یەکەمـی ٢٠٢٤، محەممەد حەنون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، پرۆگرامی فۆڕمی ئەلیکترۆنی کۆبۆنی خۆراک بە ئاسانی بەرەوپێش دەچێت و بڕیارە لە سەرەتای ساڵی تازەدا لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق پڕۆسەکە بڕواتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، رەزامەندی وەرگیراوە بۆ یەکخستنەوەی داتای بریکارەکانی خۆراک لە هەرێمی کوردستان و تەواوی پارێزگاکانی عێراق.

وتیشی، هەماهەنگیی هەیە لە نێوان وەزارەتی بازرگانیی عێراق و وەزارەتی بازرگانیی هەرێم و رێکارەکان لە دوای کۆتاییهاتنی پشووی سەری ساڵەوە دەست پێدەکات و سەرجەم ئەو هاوڵاتیانەی لە هەرێم تۆمار کراون لە پڕۆسەی سەرژمێریدا لە کارتی ئەلیکترۆنی کۆبۆنی خۆراک تۆمار دەکرێن.

 













گەلەری