سەردێڕ:

پەرلەمانتارێکی عەرەب: بودجە هەمواردەکرێتەوە و بڕگەی هەناردەی نەوتی هەرێم تێدەپەڕێنرێت

PM:11:27:26/12/2024

7096 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا رایگەیاند، لە وەرزی نوێى یاسادانانی داهاتوودا هەمواری مادەی ١٢ پەسەند دەکرێت و هەناردەکردنەوەى نەوتی هەرێمیش لە بودجەی سێ ساڵە بەبی گرفت پەسەند دەکرێت.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٦ـی کانونی یەکەمـی ٢٠٢٤، فیراس موسلیماوی، پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەش کرد، لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان بەغدا و هەرێم هەیە و پێشتر رێککەوتنى لەسەر کراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، هەموارکردنەکە رێگە بە حکومەتی فیدراڵی دەدات بۆ یەکەمجار کۆنترۆڵی هەناردەی نەوتی هەرێم بکات، جگە لەوەی ئەمە هەنگاوێکی ئەرێنیە و رێگە خۆشدەکات بۆ دەرکردنی یاسای نەوت ‌و گاز.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە هەموارکردنەوەی ماددەی ١٢ـی بودجەى سێ ساڵە تایبەت بە هەناردەیی نەوتی هەرێم و دابینکردنى ١٦ دۆلار بۆ تێچوی دەرهێنان و گواستنەوەى هەر بەرمیلێک نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم و هەموارەکە رەوانەى پەرلەمان کراوە و لیژنەى داراییش گفتوگۆی لەسەر کردووە و چاوەڕێ دەکرێت لەگەڵ دەستپێکردنى کارەکانى پەرلەماندا پەسەندبکرێت.













گەلەری