سەردێڕ:

شاندەکەی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی سوریا دۆخی ئه‌منی و سنوره‌ هاوبەشەکانیان تاوتوێ کرد

PM:10:10:26/12/2024

1708 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی شاندەکەی عێراق کە سەردانی سوریا کرد وردەکاری کۆبوونەوەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی سوریا دۆخی ئه‌منی و سنوره‌ هاوبەشەکانی نێوان هه‌ردوو وڵاتیان تاوتوێ کردووە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٦ـی کانونی یەکەمـی ٢٠٢٤، ئاژانسی هەواڵی عێراقی لە زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای ناو شانده‌كه‌ی عێراق بۆ سوریا بڵاویكردووەته‌وه‌، ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی شاندی عێراقی به‌ سه‌رۆكایه‌تی حه‌مید شه‌تری سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌نجامیاندا، ئه‌منی بوون.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، باسیان له‌ پاراستنی سنوره‌كان و هەماهەنگی هەردوو وڵات کردووە بۆ رێگریكردن له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی چالاكیی گروپە تیرۆرستییەکان و هه‌روه‌ها رێگریکردن لە ئازادکردنی ئه‌و چه‌كدارانەی داعش کە لە زیندانەکانی خاكی سوریادا زیندانین.

وتیشی، داوایان کردووە لەم قۆناغە نوێیەی سوریادا رێز له‌ كه‌مینه‌كان و مه‌زارگه‌ پیرۆزه‌كان بگیرێت.

هاوکات باسی لەوەش کرد، ئیداره‌ی نوێی سوریا پشتیوانی تەواوی  خۆی بۆ داواكارییەکانی عێراق دەربڕیوە.

 













گەلەری