سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان رایگەیاند، حکوومەتی عێراقی هیچ پلانێکی بۆ درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق نییە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤، موختار موسەوی، یەکێکە لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، نە پەرلەمان و نە حکوومەتی عێراقی هیچ ویستێکیان نییە بۆ ئەوەی داوا لە ئەمەریکییەکان بکەن ماوەی مانەوەیان لە عێراق درێژبکەنەوە.
دوای کۆبوونەوەی
شەوی رابردوو، موختار موسەوی ئاماژەی بەوەشکرد، راگیرانی هێرشی گرووپە چەکدارەکان
بۆسەر بنکەکانی ئەمەریکا بەهۆی دیاریکردنی وادەی کشانەوەی ئەمەریکا دێت، بێگومان گەر
کشانەوەی ئەمەریکیەکان لە عێراق دوابخرێت، هێرشی گرووپەچەکدارەکان بۆسەریان دەست پێ
دەکاتەوە.
رۆژی هەینی ٢٧ی
ئەیلوولی ٢٠٢٤ عێراق و ئەمەریکا راگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە و تێیدا
هاتبوو، عێراق و ئەمەریکا پەیوەندییەکی ستراتیجییان هەیە، هەروەها ئەرکی هاوپەیمانی
نێودەوڵەتیی دژی داعش لە ماوەی ١٢ مانگی داهاتوو کە دەکاتە کۆتایی مانگی ئەیلوولی
ساڵی ٢٠٢٥ لە عێراق کۆتایی دێت.
لە راگەیەندراوەکەدا
باس لەوە کرابوو، ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە سووریا تا مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٦ بەردەوام
دەبێت. لە بەشێکی دیکەی راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کرابوو، دوای کۆتایی هاتنی ئەرکی
هاوپەیمانان، ئەرکی هێزەکانی ئەمەریکا بۆ پەیوەندیی دوو قۆڵی ئەمنی لەگەڵ عێراق بۆ
پشتیوانی لە هێزەکانی عێراق و رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش دەگۆڕێت.