سەردێڕ:

چەند فڕۆکەخانەیەک لە عێراق دەکرێنەوە

PM:07:35:19/12/2024

3004 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، لەساڵی داهاتوو چەند پڕۆژەیەکی ستراتیژی لە عێراق دەكرێنەوە، لەوانە فڕۆکەخانەکانی موسڵ، کەربەلا، ناسریە و بەندەری گەورەی فاو.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٩ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤، رەزاق موحبس سەعداوی، وەزیری گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، ئەو سەردانەی بۆ ناسریە لە چوارچێوەی ئاگاداربون و بینینی پرۆژەکانی وەزارەتە، بەتایبەتی پڕۆژەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ناسریە، كە ساڵی داهاتو لەگەڵ فڕۆکەخانەکانی موسڵ و کەربەلا دەکرێنەوە.

لەبارەی فڕۆكەخانەی ناسریەوە ئاماژەی بەوەشكرد، ئەم پرۆژە ستراتیژیە کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر ئابوری پارێزگاکە و کرانەوەی بەڕووی جیهاندا، بەهۆی ئەوەی تاکە دەروازەی سنورییە بۆ ئەم پارێزگایە.

باسی لەوەشكرد، بەراورد بە مانگەکانی پێشوو، پێشکەوتنی بەرچاو لە کارکرەكانی پڕۆژەكەدا هەیە، جەختیشی لەوەکردەوە كە پڕۆژەکە لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٥ دەكرێتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ساڵی داهاتوو چەند پڕۆژەیەکی دیكەی ستراتیژی هاوشێوە دەکرێتەوە، لەوانە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی موسڵ و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کەربەلا و بەندەری گەورەی فاو.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەت بە هاوکاری دەسەڵاتی خۆجێی لە پارێزگای زیقار، سەرجەم ئامادەکارییە پێویستەکانی تەواوکردوە بۆ کردنەوەی هێڵی گواستنەوەی گشتی لە پارێزگاکەدا، کە پڕۆژەکە لە سەنتەری پارێزگا دەستپێدەکات و قەزا و ناحیە و گوندەکانی ئەو پارێزگایە بەیەكەوە دەبەستێتەوە، جۆری پاسەکە پێدەوترێت  پاسی سور پڕۆژەكە بۆ ئەوانەی کە داهاتیان سنوردارە و خوێندکارن زۆر سودی دەبێت













گەلەری