سەردێڕ:

وەزیری دەرەوەی عێراق: پێویستە کاربکرێت بۆ پاراستنی مافی کەمینەکانی سوریا

AM:08:46:19/12/2024

1240 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، وەزیری وەزارەتەکە لەگەڵ ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا تاوتوێی دواین پێشهاتەکانی سوریا کردووە و هەروەها جەختیان کردوەتەوە لە پاراستنی مافی هاوڵاتیان و کەمینەکانی ئەو وڵاتە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەگوێرەی بەیاننامەکە فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لەوەکردووە، پێویستە کاربکرێت بۆ پاراستنی مافی کەمینەکانی سوریا و بێبەشنەکردنیان لە پرۆسەی سیاسی و دابین کردنی مافەکانیان لە چوارچێوەی حکومەتێک کە نوێنەرایەتی هەموو لایەنەکان بکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دۆخی سوریا ئاڵۆزە و گروپە چەکدارە تیرۆرستییەکان دەیانەوێت سوود لەو دۆخە وەربگرن و ریزەکانیان یەک دەخەنەوە، وتیشی سوریا لەنێوان گروپە چەکدارەکاندا دابەشبووە.

لەوبارەیەوە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەی خستەڕوو، لەڕێگەی نوێنەری تایبەتی خۆیانەوە لە سوریا، بەردەوام بەدواداچوون بۆ دۆخ و کێشەکانی ئەوێ دەکەن، وتیشی نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان سەردانی دیمەشقی کردووە و لەگەڵ چەند لایەنێک کۆبۆتەوە، هاوکات جەختی لەسەر گرنگی پێشکەشکردنی پشتیوانی بۆ گەلی سوریا کردەوە.













گەلەری