دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، کوژرانی تیرۆریستێکی خۆکوژی لە سنووری کەرکووک راگەیاند
ئەمشەو هەینی ١٣ـی ١٢ـی ٢٠٢٤، بەڕێوەبەرایەتیی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی سەر بە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا باسی کوژرانی تیرۆریستێکی خۆکوژ لە شارۆچکەی داقووقی سەر بە کەرکووک کرد.
ئەوەشیان
خستەڕوو، تیمەکانی دژەتیرۆر بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی کەرکووک و
فەوجی تەکتیکی، ئۆپەراسیۆنێکیان لە شارۆچکەی داقووق بە پشتبەستن بە زانیاری وردی
سەرچاوەی هەواڵگریی ئەنجامدا.
ئاماژەیان
بەوەشدا، تیرۆریستێک کە بۆمی لە خۆی بەستبوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شوێنێکی
دیاریکراو گەمارۆدرا و بەر لە خۆ تەقاندنەوەی، تیمەکانی دژە تیرۆر کوشتوویانە.
بە پێی زانیاریەکان، خۆکوژەکە ویستوێتی لە چێشخانەیەک نزیک کۆمەڵگەی
عبورە لەسەر رێگەی کەرکوک - داقوق خۆی بتەقێنتەوە بەڵام پێش ئەوەی خۆکووژەکە بگاتە
شوێنی بەئامانج گیراو لە لایەن هێزەئەمنیەکانەوە تەقەی لێکراوە و کووژراوە.