زۆرێک پێیان وایە خواردنەوەی ئاو لەکاتی خواردنی ژەمەکاندا رەنگە کاریگەری نەرێنی لەسەر پرۆسەی هەرسکردن هەبێت.
پزیشکانی پسپۆڕی تەندروستی ریخۆڵە ئاشکرایان کردووە کە خواردنەوەی ئاو لەکاتی نانخواردندا رێگری لە هەرسکردن ناکات یان ئەنزیمەکانی هەرس کەم ناکاتەوە، بەڵکو ئاماژە بەوە دەکەن کە خواردنەوەی ئاو لەوانەیە یارمەتیدەر بێت کە بە زووی هەست بە تێری بکەیت، هەرچەندە لە هەندێک کەسدا لەوانەیە ببێتە هۆی زیادبوونی فشار لە گەدەدا ئەمەش دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی گەڕانەوەی گەدە.
شارەزایان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە خواردنەوەی ئاو لەگەڵ ژەمەکاندا کێشەی
هەرس دروست ناکات، ئەو کەسانەشی کە خێرا نان دەخۆن سوود لە خواردنەوەی ئاو وەردەگرن
چونکە یارمەتیان دەدات هێواشتر نان بخۆن.
ئاماژەیان بەوەش کردووە، گەدە توانایەکی باڵای هەیە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ جۆرە
جیاوازەکانی خۆراک، هەر بۆیە خواردنەوەی ئاو کاریگەری لەسەر پرۆسەی هەرسکردن نییە.
دکتۆر مایکل پیکۆ، پزیشکی پسپۆڕی گەدە و ڕیخۆڵە رایگەیاند " ئاو هیچ ڕێگری
لە هەرسکردن ناکات، ئاو بەشێکی سەرەکییە لە پرۆسەی هەرسکردندا، بەو پێیەی یارمەتی
تێکشکاندنی خۆراک دەدات بۆ ئەوەی جەستە بتوانێت باشتر ماددە خۆراکیەکان هەڵبمژێت"
جگە لەوەش هەندێک لە توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن کە خواردنەوەی ئاو پێش ژەمەکان
یارمەتیدەرە لە دابەزاندنی کێشدا، توێژینەوەیەک کە لە ساڵی ٢٠٠٩ ئەنجامدراوە دەرکەوتووە
ئەو بەشداربووانەی پێش نانخواردنی ئێوارە ٥٠٠ مل ئاویان خواردووەتەوە، نزیکەی ٢ کیلۆگرامیان
لە ماوەی دیاریکراودا دابەزاندووە.
هەروەها لێکۆڵینەوەکانی دیکەی زانکۆی کالیفۆرنیا دەریانخستووە، ئەو کەسانەی
بڕێکی زۆرتر ئاویان خواردووەتەوە بە شێوەیەی ئاسانتر و خێراتر کێشیان دابەزاندووە.
بنیامین بریێر نوسەری سەرەکی توێژینەوەکە رایگەیاند " دەرئەنجامی توێژینەوەکەمان
ئەوەی پشتراستکردەوە کە خواردنەوەی ئاو پێش ژەمەکان یان لەگەڵ ژەمەکاندا هیچ مەترسییەکی
تەندروستی دروست ناکات، دەتوانین بڵێن خواردنەوەی ئاو لەگەڵ خۆراکدا نەک هەر زیانی
نییە بەڵکو ڕەنگە چەندین سوودی تەندروستی هەبێت، لەوانەش باشترکردنی کرداری هەرسکردن
و دابەزاندنی کێش".