گۆشت سەرچاوەیەکی نایابی پرۆتینی ئاست بەرزە، کە ترشە ئەمینییە پێویستەکان دابین دەکات، ئەوانیش پێویستن بۆ بەرهەمهێنانی کۆلاجین و ئیلاستین لە پێستدا، ئەمەش هێز بە پێست دەبەخشێت.
گۆڤاری "ستایل بووک" بڵاویکردەوە، گۆشت بڕێکی زۆر زینکی تێدایە کە رۆڵێکی گرنگی هەیە لە چاککردنەوەی برینەکانی پێست و رێکخستنی بەرهەمهێنانی چەوری و بەرەنگاربوونەوەی هەوکردنەکان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بە تایبەتی گۆشتی سوور کە دەوڵەمەندە بە ئاسن، کە بە ئاسانی لەلایەن جەستەوە هەڵدەمژرێت، ئاسن یارمەتی سووڕی خوێن دەدات بە شێوەیەکی تەندروست، ئەمەش لە بەرامبەردا دەبێتە هۆی دابینکردنی باشتری ماددە خۆراکییەکان و ئۆکسجین بۆ خانەکانی پێست.
هەروەها گۆشت دەوڵەمەندە بە ڤیتامین B12، کە کار بۆ نوێکردنەوە و چاککردنەوەی خانەکان دەکات، هاوکات کەمییەکەی دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی پێست و چرچبوونی.
گۆشت، بەتایبەت جگەر، سەرچاوەیەکی باشی سیلینیۆمە، کە تایبەتمەندی دژە ئۆکسێنەری هەیە و دەتوانێت پێست بپارێزێت لە زیانەکانی "رادیکاڵە ئازادەکان"، وەک پیربوونی پێشوەختە.
لە هەمان کاتدا، خواردنی لە رادەبەدەری گۆشت پەیوەندی بە زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی پێستەوە هەیە، بەتایبەتی بەهۆی ئەو نیترات و نیتریتانەی تێدایە، کە دەتوانێت پێکهاتەی شێرپەنجەیی دروست بکات.
ئامادەکردن لە پلەی گەرمی بەرزدا، وەکو برژاندن یان سورکردنەوە، ئاوێتە بەرهەم دەهێنێت کە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی پێستیش زیاد دەکات.
زۆر خواردنی گۆشت دەبێتە هۆی زیادبوونی بەرهەمهێنانی رادیکاڵە ئازادەکان لە جەستەدا، بەمەش لە پێستدا ئەم رادیکاڵانە دەبنە هۆی زیانگەیاندن بە ناردنی ئۆکسجین بۆ خانەکانی پێست، ئەمەش رەنگە ببێتە هۆی پیربوون و چرچبوونی پێشوەختە.
باشتر وایە گۆشتی تازە بخورێت و تاکو دەتوانرێت دووربکەویتەوە لە گۆشتی ئامادەکراو وەک سۆسیس، بەو پێیەی گۆشتی ئامادەکراو بەزۆری شەکر و فۆسفات و خوێی نیترایتی پرۆسێس کراو لەخۆدەگرێت، کە گومانی ئەوە دەکرێت ببێتە هۆی پەرەپێدانی شێرپەنجە.