سەرۆکایەتی هەرێم رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتووی بۆ یەکەمین دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد و بەپێی بڕگەی یەکەمی مادەی پێنجی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، بە ئامادەبوونی زۆرینەی رەهای ئەندامەکان واتە لانیکەم ٥١ ئەندام، یەکەم دانیشتنی پەرلەمان ئەنجام دەدرێت.
بەپێی بڕگەی دووەمیش ئەگەر رێژەی یاسایی تەواو نەبوو، سەرۆک دانیشتنەکە بۆ کاتێکی دیکە دوا دەخات بۆ کاتێکی دیکە، بەپێی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمیش، ئەگەر پەرلەمان لەماوەی ٤٥ رۆژ نەیتوانی كۆببێتەوە، ئەوا هەڵدوەشێتەوە و دووبارە هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێتەوە.
هاوکات، بەپێی بڕگەی یەکەمی مادەی ١١ـی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، یەکەم دانیشتنی
پەرلەمان بە سەرۆکایەتی بەتەمەنترین کاندیدی دەرچوو دەبەسترێت کە محەمەد سلێمانی کەندیدی
دەرچووی نەوەی نوێیە.
بەپێی بڕگەی دووەم ئەرکی محەمەد سلێمان
بریتیی دەبێت لە بەڕێوەبردنی دانیشتنی یەکەم و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی،
هەروەها بەپێی بڕگەی یەکەمی مادەی ١٢ـی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان محەمەد سلێمان یەکەم
کەس سوێندی یاسای دەخوات و پاشان کاندیدە دەرچووەکانی دیکە سوێند دەخۆن.
بەپێی ماددەی دوو لە پەیڕەوی ناوخۆ، پەرلەمان لە هەرێمدا، باڵاترین دەسەڵاتی
یاسادانان و چاودێریکردنە، جگە لە چاودێریکردنی حکومەت، پەرلەمان لە رێگەی ١٩ لیژنەی
هەمیشەییەوە زۆرینەی کارەکانی یاسادانان و چاودێریکردن ئەنجام دەدات هەروەها بەپێی
مادەی ٧٧ـی پەیڕەوی ناوخۆ پەرلەمان دەسەڵاتی دەرکردنی یاسا و بڕیار و هەموارکردنی یاسا
و بڕیارە کارپێکراوەکان و بەکاربردن یان هەموارکردنی یاسا فیدراڵییەکانی هەیە.
هاوکات، هەر پڕۆژەیاسا و بڕیارێکیش لەلایەن حکومەت یان سەرۆکایەتی هەرێمەوە دەربچێت، دەبێت
بچێتەوە پەرلەمان و لەوێ دەنگی لەسەر بدرێت، پڕۆژەیاسایەکەش پێویستی بە نیوە کۆ یەکی
دەنگی پەرلەمانتارانە تا ببێتە یاسا، دواتریش بەپێی بڕگەی نۆیەم لە مادەی ١٨ـی پەیڕەوی
ناوخۆی پەرلەمان، سەرۆکی پەرلەمان یاساکە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی هەرێم دەکاتەوە تا
بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.