سەردێڕ:

لەدوای سەرکەوتنی ترەمپەوە؛ عێراق و ئێران چەندین کۆبوونەوەی ئەمنییان ئەنجامداوە

PM:11:52:13/11/2024

2168 جار خوێندراوەتەوە

عێراق و ئێران کۆبوونەوە ئەمنییەکانیان فراوان کردووە و لە چەند رۆژی رابردوودا چەندین شاندی باڵای نێوان هەردوو وڵات کۆبوونەتەوە، لە تەواوی کۆبوونەوەکانیشدا جەخت لە پرسی ئاسایشی سنووری نێوان عێراق و ئێران کراوەتەوە و هەردوولا رێککەوتن لەسەر پاراستنی سنوورەکانیان و رێگریکردن لە کاری قاچاخچێتی.


سەرکەوتنی ترەمپ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خستە جوڵە، لەنێویانیشدا عێراق و ئێران، کە لە دوای سەرکەوتنی ترەمپەوە چەندین کۆبوونەوەی ئەمنییان ئەنجامداوە.

رۆژی ١٠ـی ئەم مانگە لەسەر فەرمانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق وفەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، شاندێکی باڵا بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق گەیشتە تاران.

هاوکات، قاسم ئەعرەجی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران ئەنجامدا و سەرەتای کۆبوونەوەکانیشی لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە دەستی پێکرد کە تێیدا پرسی ئاسایشی سنووری نێوان عێراق و ئێران بابەتی گەرمی کۆبوونەوەکەیان بوو و هەردوو لا رێککەوتن لەسەر پاراستنی سنوورەکانیان و رێگریکردن لە کاری قاچاخچێتی.

پرسێکی گرنگی کۆبوونەوەکانی ئەعرەجی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران سەبارەت بە رێگریکردن لە فراوانبوونی پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، کە ئەوەش بەوپێیەی چاودێران باسی لێوە دەکەن، ئامانج لەو بابەتە لەپێناو بەکارنەهێنانی خاکی عێراقە لەلایەن ئێرانەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل، بەوپێیەی پێشتر ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردبوو کە جەنگ راناگرن و ئۆپراسیۆنەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراوانتر دەکەن. لە بەرامبەریشدا دۆناڵد ترەمپ باسی لەوە کردبوو کە ئارامی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەڕێنێتەوە و کۆتایی بە گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە دەهێنێت.

لە درێژەی سەردانەکەیدا، قاسم ئەعرەجی لەگەڵ عەلی ئەکبەری هاوتا ئێرانییەکەی و حوسێن سەلامی فەرماندەی سوپای پاسداران کۆبووەوە و لە هەریەک لە کۆبوونەوەکانیشدا باس لە بەهێزکردنی هاوکاریی ئەمنی نێوان تاران و بەغدا و پێداچوونەوەش بە وردەکاری جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنییان کردووە.

ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە، لە دوای هەڵبژاردنەوەی ترەمپ، وڵاتانی ناوچەکە بە چی شێوازێک خۆیان بۆ سیاسەتی نوێی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ئامادە دەکەن و رۆڵیان چی دەبێت.













گەلەری