سەردێڕ:

واژۆکردنی پەیماننامەیەکی هاوبەشی روسیا و کۆریای باکوور کاردانەوەی جیهانیی لێکەوتەوە

PM:10:13:13/11/2024

1824 جار خوێندراوەتەوە

واژۆکردنی پەیماننامەی هاوبەشی روسیا و کۆریای باکوور هەریەک لە ناتۆ و ئەمریکا و کۆریای باشووری هێنایە دەنگ. سکرتێری گشتیی ناتۆ و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێن، دەبێت سنوورێک بۆ فراوانبوونی هاوکارییەکانی ئەو دوو وڵاتە دابنرێت. کۆریای باشووریش دەڵێت، بە توندی ئیدانەی ئەو پەیماننامەیە دەکەن.


پەیماننامەی بەرگریی هاوبەشی کۆریای باکوور و روسیا، هەریەک لە ناتۆ و ئەمریکا و کۆریای باشووری هێنایە دەنگ و دەڵێن، ئەم پەیماننامەیە ئاڵۆزییەکان زیاتر دەکات و دۆخی ئاشتیی نیمچە دوورگەی کۆریا دەخاتە ژێر هەڕەشەوە و هێندەی دیکەش بەرەی شەڕ لە ئۆکرانیا فراوانتر دەکات.

دوای ئەوەی روسیا و کۆریای باکوور پەیماننامەیەکیان سەبارەت بە بەرگریکردن لەیەک واژۆکرد و بەپێی پەیماننامەکەش، لە ئەگەری هەر هێرشێکدا بۆ سەر هەر کامێکیان، هەردوو وڵات پابەند دەبن بەوەی بەبێ دواکەوتن هاوکاری سەربازی بەردەوامی یەکتر بکەن.

پەیماننامەکە سکرتێری گشتیی ناتۆ و وەزیری دەرەوەی ئەمریکای هێنایە دەنگ و دەڵێن، فراوانبوونی هاوکارییەکانی نێوان روسیا و کۆریای باکوور، مەترسیی جدییە بۆ سەر ئۆکرانیا و کۆریای باشوور و ژاپۆنیش.

وتیشیان، دەبێت هەرچی زووە سەرجەم هێزەکانی هاوپەیمانان بە یەکدەست رووبەڕووی ئەو بڕیارەی روسیا و کۆریای باکوور بوەستنەوە و سنوورێک بۆ هەماهەنگییە سەربازییەکانی ئەو دوو ولاتە دابنێن.

لای خۆشییەوە، وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشوور رایگەیاند، بە توندی ئیدانەی هاوکارییە سەربازییە هاوبەشەکانی نێوان روسیا و کۆریای باکوور دەکەن، ئەگەر هاوکارییەکانی ئەو دوو وڵاتە زیاد بکات، ئەوانیش بە شێوەیەکی جدیتر پاڵپشتی لە ئۆکرانیا دەکەن.

ئەوە لە کاتێکدایە، شانبەشانی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تاکو دێت هاوکێشەی جەنگی ئۆکرانیا و روسیا ئاڵۆزتر دەبێت. لە ئێستاشدا، هەموو چاوەکان لەسەر دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکان کە پێش هەڵبژاردنەوەی بەڵێنی دابوو کۆتایی بە جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا بهێنێت.













گەلەری