سەردێڕ:

ترەمپ هاوسۆزێکی کورد دەکاتە راوێژکارى ئاسایشى نیشتیمانى ئەمریکا

PM:11:12:12/11/2024

3180 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی هەڵبژێدراوی ئەمریکا، وەک چۆن راوێژکارەکەى عێراقییە کەسایەتیەکى هاوسۆزی کوردیش دەکاتە راوێژکارى ئاسایشى نیشتیمانى ئەمریکا کە بڕیارەکانى بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست کاریگەرە.


رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاوى کردەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا پۆستی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانى لە ئیدارەی داهاتووی بە مایک واڵتز ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بەخشیوە.

مایک واڵتز تەمەنی ٥٠ ساڵە و لە ٢٠١٨ ەوە پەرلەمانتاری کۆمارییەکانە لەسەر پشکی ویلایەتی فلۆریدا، کە بڕیارە لەو پۆستە نوێیەدا کۆمەڵێک دۆسێی ئەمنی و گرنگ و هەستیاربکەوێتە ئەستۆیەوە، وەک جەنگی ئۆکرانیا و جەنگەکانی ئیسڕائیل لە لوبنان و غەزە و هێرشى گروپە چەکدارەکانى یەمەن و چەند پرسێکى دیکەى جیهانى و ناوچەى.

واڵتز یەکێکە لە جەنگاوەرە دێرینەکانی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا و بەشداریی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکای لە ئەفغانستان و چەند ناوچەیەکی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا کردووە.

ساڵانێکی زۆریشە پشتگیریی توند لە کەسایەتی و سیاستەکانی ترەمپ دەکات و بەوەش ناسراوە کە یەکێکە لە هەڵۆکانی پارتی کۆماری دژ بە سیاسەتەکانی چین و چالاکیەکانی لە ناوچەکانی ئاسیا و زەریای هێمن.

لەو چوارچێوەیەدا ساڵی ٢٠٢١ ڕایگەیاندبوو، ویلایەتە یەکگرتووەکان لە حاڵەتی جەنگی ساردایە لەگەڵ پارتی کۆمۆنیستی چین.

لە لایەکی ترەوە مایک واڵتز یەکێکە لەوانەی هاوخەمی بۆ کۆمەڵکوژییەکەی هەڵەبجە لە ساڵی ١٩٨٨ نیشاندابوو، بە کارێکی دڕندانە دژ بە هەزاران کوردی بێتاوان ناوی بردبوو.

بەر لە چەند ساڵێکیش پرسیاری ئەوەی دەکرد، ئایا پێویست نیە تورکیا لە ڕێکخراوی ناتۆ دەربکرێت، ئەوەش دوای ئەوەی پشتگیریی لە هەوڵەکانی وڵاتەکانی کرد دەرهەق بە ڕۆژئاوای کوردستان و دەستخۆشی لە جۆ بایدن کردبوو کاتێک بە تورکیای وتبوو دەبێت بوەستێت و لەوە زیاتر زیان بە کوردەکان نەگەیەنێت.

ساڵی ڕابردووش داوایکردبوو دەستبەجێ ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا جێبەجێ بکرێت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتى هەرێم.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی بریتییە لە هەماهەنگی لە نێوان دەزگا باڵاکانی ئاسایشی نیشتمانی لە ئەمریکا و پێشکەشکردنی ڕاپۆرت بۆ سەرۆکی ئەمریکا و جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی و هەڵبژاردنى واڵتزیش دەچێتە چوارچێوەى پیادەکردنى هەمان سیاسەتەوە بۆ لەقاڵبدانى دۆسیەى ئاسایشى ناوچەکە و کەمکردنەوەى ئاڵۆزییەکان، هەروەها ئەوەش دەخوێنرێتەوە دانانى ئەم کەسە کە هاوسۆزى کوردە رۆڵى هەبێت لە دروستکردنى پاڵپشتى بۆ دۆسیەى کورد لە عێراق و سوریا و هاوکێشە سیاسى و ئابوری و ئەمنییەکانى ناوچەکەدا.













گەلەری