سەرپەرشتیاری سەرژمێریی دانیشتوان لە هەرێمی کوردستان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تیمەکانیان لە ١٦ و ١٧ و ١٨ و ١٩ـی ئەم مانگە تۆماری خێزانی ئەنجام دەدەن. دەشڵێت، لە رۆژەکانی ٢٠ و ٢١ـی مانگ قەدەغەی هاتوچۆ دەبێت و بۆ پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان دووبارە سەردانی خێزانەکان دەکەنەوە.
ئەمڕۆ هەینی، مەحمود عوسمان سەرپەرشتیاری سەرژمێریی دانیشتوان لە هەرێمی کوردستان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تیمەکانی سەرژمێریی هەرێم لە ١٦ تاوەکو ١٩ـی ١١، تۆمار خێزانی لە ناوچە جیاوازەکان ئەنجام دەدەن.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە رۆژانی ٢٠ و ٢١ـی مانگ قەدەغەی
هاتوچۆ رادەگەیەنرێت و بۆ پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان دووبارە تیمەکانیان سەردانی
خێزانەکان دەکەنەوە.
پێشتریش، سەرپەرشتیاری گشتیی پڕۆسەی سەرژمێری لە کوردستان باسی لەوە کرد،
داتاکانی سەرژمێریی ئەمجارە دەبنە بناغەی گەشەپێدان بۆ ١٠ ساڵی داهاتوو.
وتیشی، بۆ ئەم سەرژمێرییە هەر خێزانێک بە کۆی قۆناغە جیاجیاکان ٧٠
پرسیاری لێ دەکرێت، لەوانەش ژمارەی ئەندامانی خێزان و کار و پیشە و بڕوانامە
تاوەکو دەگاتە سەر ئامێرەکانی ناوماڵیش.
ئەوەش لەکاتێکدایە، کۆتا سەرژمێری لە ساڵی ١٩٩٧ لە عێراق ئەنجامدرا،
بەڵام هەرێمی کوردستانی نەگرتەوە، هەر ئەوەش وایکرد کار بەسەرژمێری ساڵی ١٩٥٧
بکرێت، بەڵام سەرژمێریی ئەمساڵ سەرتاسەرییە و ناوچەکانی مادەی ١٤٠ـیش دەگرێتەوە.
هاوکات، بۆ پرۆسەی سەرژمێریی عێراق لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ـدا حکومەتی
عێراق ٣٠٠ ملیار دیناری تەرخان کردووە، پێشبینیش دەکرێت تاوەکو ساڵی ٢٠٣٠
دانیشتوانی عێراق ٥٠ ملیۆن کەس تێبپەڕێنێت.