سەردێڕ:

بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن؛ ترەمپ لەپێش کامالاوەیە

AM:08:36:06/11/2024

2596 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، تا ئێستا کاندیدی کۆمارییەکان لەپێش کاندیدی دیموکراتەکانەوەیە.


دوێنێ پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوە چوو، رکابەری بەهێز لەنێوان دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان و کامالا هاریس کاندیدی دیموکراتەکانە.

هاوکات بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، تا ئێستا کاندیدی کۆمارییەکان (دۆناڵد ترەمپ) بە بەدەستهێنانی زیاتر لە ٦٣ ملیۆن دەنگ بووەتە خاوەنی ٢٤٦ خاڵ، لەکاتێکدا کاندیدی دیموکراتەکان ( کامالا هاریس) خاوەنی ١٤٨ خاڵە و نزیکەی ٦٠ ملیۆن دەنگی بەدەستهێناوە، بەوپێیەش ترەمپ لەپێش کامالاوەیە.

لای خۆیەوە، دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد ئەگەر لە هەڵبژاردنەکەدا شکست بهێنێت، ئەوا ئەنجامەکان قبوڵ دەکات، لە بەرامبەریشدا کامالا هاریس وتی" بە گەشبینییەوە چاوەڕوانی ئەنجامەکان دەکەم".

لە هەڵبژاردنە چارەنوسسازەکەکەی ئەمریکا ٢٤٤ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەبوو و لەو ژمارەیەش پێشوەختە نزیکەی ٨٠ ملیۆنیان لەڕێگەی پۆستەوە دەنگیان داوە.

بەپێی سیستمی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگی ئەمریکییەکان بەس نیە بۆ بردنەوە، چونکە ئەوەی یەکلایی دەکاتەوە بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگی کۆمەڵگەکانی هەڵبژاردنە کە ٥٣٨ دەنگە و دەبێت هەر کاندیدێک رێژەی ٥٠+١ ـی دەنگەکان کە دەکاتە ٢٧٠ دەنگ بەدەست بهێنێت.

دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان و پەسەندکردنی کەسی براوە، ئاهەنگەکانی دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی ئەمریکا لە ٢٠ ـی مانگی یەکی ٢٠٢٥ بەڕێوەدەچێت.


 













گەلەری