وەک نوسەر و سیاسەتمەنداری ئەمریکی ساندی مایسڵ دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی سیستەمی هەڵبژاردنی ئەمریکا ماوەی ٢٣٧ ساڵە جێبەجێ دەکرێت، بەڵام هێشتا سیستەمێکی زۆر ئاڵۆزە و هاوڵاتی ئەمریکیش خۆی بە تەواوی لەم سیستەمە تێناگات.
لە هەڵبژاردنی گشتی ئەمریکادا هاوڵاتی ئەمریکی ناتوانێت راستەوخۆ دەنگبدات بە سەرۆکی داهاتوو بەڵكوو پشت دەبەستن بە کۆمەڵگەی هەڵبژاردن کە هاوڵاتییان دەنگ دەدەن بە نوێنەری پارتە سیاسییەکان لە هەر ویلایەتێک دواتر ئەم نوێنەرانە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا هەڵدەبژێرن.
ژمارەی ئەم نوێنەرانەش لە ویلایەتێکەوە بۆ
ویلایەتێکی تر بەپێی چڕی رێژەی دانیشتوانی هەر ویلایەتێك دەگۆڕێت و هاوشێوەی
ژمارەی ئەندامانی کۆنگرێسە، کۆی ژمارەی ئەنجومەنی پیران و ئەنجومەنی نوێنەران
بەیەکەوە ژمارەی نوێنەرەکان دیاری دەکەن، بۆ نموونە ویلایەتێکی وەک کالیفۆرنیا ٥٥
نوێنەری حزبییان هەیە لە کاتێكدا ویلایەتی فیرمونت تەنها سێ نوێنەریان هەیە.
لە هەڵبژاردنی نوێنەرەکاندا براوە هەمووی
دەبات، بۆ نمونە ویلایەتی کالیفۆرنیا کە ٥٥ نوێنەریان هەیە ئەگەر لەو ٥٥ نوێنەرە ٣٠
کەس دەنگ بدات بە نوێنەرەکانی حزبی
کۆمارییەکان کە هەڵبژاردەی سەرۆکەکەیان دۆناڵد ترەمپە ئەوا هەر ٥٥ نوێنەرەکە
ناچارن دەنگ بدەنەوە بە ترەمپ، ئەمەش مانای ئەوەیە کە دەڵێن لە هەڵبژاردنی
ئەمریکادا براوە هەمووی دەبات.
کەواتە، ئەگەر یەکێک زۆرینەی دەنگەکانی ئەمریکاش
بە گشتی بەدەستبهێنێت ئەوا لەوانەیە نەبێتە سەرۆکی ئەو وڵاتە و پێویستی بە زۆرینەی
دەنگی نوێنەری حزبییەکانە نەک دەنگی گشتی هاوڵاتییان، ئەم یاسایەش رێگرە لەوەی کە
ویلایەتێکی گەورەی وەک ویلایەتی کالیفۆرنیا یان نیویۆرک بتوانن کاریگەرییەکی
گەورەیان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکی داهاتووی ئەمریکادا هەبێت.
بە پێی وتەی شارەزایان، هەڵبژاردنی سەرۆکی
داهاتووی ئەمریکا لەسەر ویلایەتە گەورەکان بەند نییە بەڵکو لەسەر ئەو ویلایەتانە
بەندە کە بە ویلایەتە خۆڵەمێشییەکان ناسراون، کە روون نییە دەنگەکانیان بۆ کام حزب
دەبێت و بە پێی شارەزایان ئەم ویلایەتانە
گەورەترین کاریگەرییان لەسەر ئەنجامی دەنگدان هەیە.
پێچەوانەی ئەوانیش ئەو ویلایەتانە هەن کە
دەنگەکانیان روونە وەک ویلایەتی نیویۆرک کە هەموو ساڵێک دەنگەکانی بۆ حزبی
دیموکراتی ئەمریکایە.
بە پێی راپۆرتێک کە پێگەی ئەکسیۆس کردویەتی
بۆ ئەمساڵ شەش ویلایەتی خۆڵەمێشی هەن کە ئەمانە؛ ئەریزۆنا ١١ دەنگ، جۆرجیا ١٦ دەنگ، میشیگەن ١٦
دەنگ، نیڤادا شەش دەنگ، پێنسیلڤینیا ٢٠ دەنگ و ویسکۆنسن ١٠ دەنگ، ئەم ولایەتانە خاوەنی
٧٩ دەنگن لە کۆی ٥٣٨ دەنگ کە ٦٪ـی هەموو دەنگەکانی ئەمریکا دەکات، سەرەڕای ئەوەش
ئەم ویلایەتانە دیاری دەکەن کێ دەبێتە سەرۆکی داهاتوو. بەهۆی ئەمەشەوە زۆربەی
بەربژێرەکان هەڵمەتی بانگەشەکەیان لەم ویلایەتانەدا زۆرتر و چڕتر دەبێت و زۆرترین
تواناکانیان لەم ویلایەتانە دەخەنە گەڕ.
دوای هەڵبژاردنی نوێنەرەکان لەلایەن
دەنگدەرانی ئەمریکاوە، نوێنەری هەڵبژێردراو دەنگ دەدات بەو کەسەی کە حزبەکەی بۆ
سەرۆکایەتی کاندیدی کردووە، ئەم شێوازە هەڵبژاردنەی ئەمریکا هەندێک دەڵێن باشترین
شێوازە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا وهەندێکیش دەڵێن، وا لە هاوڵاتی ئەمریکی
دەکات، وا بیربکەنەوە دەنگەکانیان هیچ پێویست نییە و پەیوەندی نییە بە دانانی
سەرۆکی ئەمریکاوە لەبەر ئەوەی لە ویلایەتێکدا نین کە کاریگەریەکی گەورەی هەبێت
لەسەر دانانی سەرۆکی ئەمریکا و بەو هۆیەشەوە دەبینین کە رێژەی بەشداریکردنی پرۆسەی
دەنگدانی ئەمریکا کەمترە بەراورد بەو وڵاتانەی کە سیستەمی دیموکراتییان هەیە.
سبەی سێشەممە ٦٠ هەمین هەڵبژاردنی
سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت و لە کۆی ٣٤٦ ملیۆن دانیشتووی ئەمریکا ٢٣٥ملیۆنیان
مافی دەنگدانیان هەیە و بە پێی راپرسییەکان کامالا هاریس ئەگەری
بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگی ویلایەتە خۆڵەمێشییەکانی هەیە و بەو پێیەش دەبێتە
سەرۆکی داهاتووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
هەموو چوار ساڵ جارێک ئەمریکییەکان لە یەکەم سێشەممەی مانگی ١١ـدا دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێن.
شکار دیاری