سەردێڕ:

مقاوەمەی عێراق: شەش ئامانجمان لە ئیسرائیل بۆردوومان کرد

AM:10:21:01/11/2024

1616 جار خوێندراوەتەوە

مقاوەمەی عێراق رایگەیاند، لە چەند کاتژمێری رابردوودا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان شەش ئامانجیان لە ئیسرائیل بۆردوومان کردووە.


ئەمڕۆ هەینی، مقاوەمەی عێراق لە شەش راگەیەندراودا بۆردوومانکردنی شەش ئامانجی لە ئیسرائیل راگەیاند کە دوانیان لە جولان بوون.

باس لەوەش کراوە، چوار لە ئامانجەکان لە فەڵەستین بوون و سەرجەم ئامنجەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومان کراون.

ئەوەش خراوەتە روو، لەگەڵ ئالۆزتربوونی دۆخەکە ئەوان بەردەوام دەبن لە بۆردوومانەکانیان.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە سەرەتای جەنگی غەززەوە مقاوەمەی عێراقی دەستی کردووە بە بۆردوومانی ئیسرائیل و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی.

ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ ئاگربەست و بە مەبەستی گەیشتن بە ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان،سەرۆکی ئەمریکا نێردەی تایبەتی خۆی رەوانەی ناوچەکە کردووە، کە بەوتەی میدیاکان چانسی سەرکەوتنی لەسەر ئاستی سیاسی زۆر بەرزە.

پێشنیازی ئاگربەستەکەش بریتی دەبێت لە دیاریکردنی حەوت رۆژ بۆ پاشەکشەی هێزەکانی ئیسرائیل و دوو مانگیش بۆ جێبەجێکردنی تەواوی بڕیاری ئاگربەستەکە.

هەروەها دوای کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل، نزیکەی ١٠ هەزار لە هێزە چەکدارەکانی لوبنان جێگەیان دەگرنەوە و لەسەر سنوورەکانی باشووری ئەو وڵاتە جێگیر دەکرێن، لە قۆناغی دواتریشدا چەکەکانی چەکدارانی حزبوڵڵا لە باشووری لوبنان دادەماڵدرێن و جموجۆڵی هێزەکانی ئاشتیپارێز ناسراو بە (یۆنیفیل) ئاسان دەکرێن.

لای خۆشیەوە، حکومەتی لوبنان دەسەڵاتی پێویست دەداتە هێزە ئەمنییەکانی لوبنان بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ١٧٠١ـی ئەنجومەنی ئاسایش کە لە ساڵی ٢٠٠٦ دەرکراوە.

بەپێی بڕیارەکە سوپای لوبنان تاکە هێزی چەکدار دەبێت لە باشووری لوبنان و بەدرێژایی سنوور و دەروازەکان بڵاوەی پێدەکرێت و سەرپەرشتی هاتنی چەک دەکات بۆ لوبنان.













گەلەری