سەردێڕ:

ئەمریکا نێوەندگریی راگەیاندنی ئاگربەست دەکات لەنێوان لوبنان و ئیسڕائیل

PM:11:12:31/10/2024

2116 جار خوێندراوەتەوە

بە مەبەستی گەیشتن بە ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان،سەرۆکی ئەمریکا نێردەی تایبەتی خۆی رەوانەی ناوچەکە کردووە، کە بەوتەی میدیاکان چانسی سەرکەوتنی لەسەر ئاستی سیاسی زۆر بەرزە.


بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا، جۆ بایدن لە هەوڵدایە کۆتایی بهێنێت بە جەنگی نێوان چەکدارانی حزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیل، بۆ ئەو مەبەستەش نێردەیەکی تایبەتی رەوانەی ناوچەکە کردووە.

ماڵپەڕی (ئەکسیۆس) لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریکییەوە بڵاویکردووەتەوە، دانوستانەکان سەربارەت بە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان پێشکەوتنی بەدەستهێناوە، ئەوەش دوای سەردانێکی ئامۆس هۆکشتاین نێردەی جۆ بایدن بۆ تەلئەبیب و ئەنجامدانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ نەجیب میقاتی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری لوبنان.

پێشنیازی ئاگربەستەکەش بریتی دەبێت لە دیاریکردنی حەوت رۆژ بۆ پاشەکشەی هێزەکانی ئیسرائیل و دوو مانگیش بۆ جێبەجێکردنی تەواوی بڕیاری ئاگربەستەکە.

هەروەها دوای کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل، نزیکەی ١٠ هەزار لە هێزە چەکدارەکانی لوبنان جێگەیان دەگرنەوە و لەسەر سنوورەکانی باشووری ئەو وڵاتە جێگیر دەکرێن، لە قۆناغی دواتریشدا چەکەکانی چەکدارانی حزبوڵڵا لە باشووری لوبنان دادەماڵدرێن و جموجۆڵی هێزەکانی ئاشتیپارێز ناسراو بە (یۆنیفیل) ئاسان دەکرێن.

لای خۆشیەوە، حکومەتی لوبنان دەسەڵاتی پێویست دەداتە هێزە ئەمنییەکانی لوبنان بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ١٧٠١ـی ئەنجومەنی ئاسایش کە لە ساڵی ٢٠٠٦ دەرکراوە.

بەپێی بڕیارەکە سوپای لوبنان تاکە هێزی چەکدار دەبێت لە باشووری لوبنان و بەدرێژایی سنوور و دەروازەکان بڵاوەی پێدەکرێت و سەرپەرشتی هاتنی چەک دەکات بۆ لوبنان.

لە لایەکی دیکەوە ماڵپەڕی (ئەکسیۆس) ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەمریکا بەڵێنی بە ئیسرائیل داوە کە هەر کاتێک رێککەوتنەکە لەلایەن حزبوڵڵاوە پێشێل بکرێت و لە دەسەڵاتی هێزەکانی یۆنیفیل و سوپای لوبنان دەربچێت، ئەوا پشتگیریی دەکات لە هەر ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی کە بیکاتە سەر لوبنان.

ئەوە لە کاتێکدایە، حکومەتی واشنتۆن پێی وایە دوای ئەو گورزانەی لە دوو مانگی رابردوودا لە حزبوڵڵا وەشێندرا کە تیایدا حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی حزبەکەش کوژرا، وایکردووە، حزبوڵڵا لاواز بێت و جەنگەکەیان بە جەنگی غەززەوە نەبەستنەوە و ئامادەی دانوستان بن.

لەو چوارچێوەیەدا و بە وتەی ماڵپەڕی (ئەکسیۆس)، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلگفتوگۆی لەگەڵ وەزیران و فەرماندە باڵاکان و دەزگا هەواڵگرییەکان کردووە لە بارەی ئاگربەستە چاوەڕوانکراوەکە.

بەڵام لە بەرامبەردا شوێنگرەوەی نەسروڵڵا دەڵێت،ئه‌گه‌ر ئیسرائیلییه‌كان بڕیار بده‌ن لەسەر راگرتنی جەنگ، ئەوا بەو مەرجانەی کە بە گونجاوی دەزانن قبوڵی دەکەن.













گەلەری