سەردێڕ:

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز: جیاوازیی نێوان دەنگەکانی ترەمپ و هاریس تەنیا ٠.٢٪ـە

PM:05:23:31/10/2024

1348 جار خوێندراوەتەوە

رۆژ بە رۆژ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا نزیک دەبێتەوە، لە ئێستادا کەمتر لە هەفتەیەک ماوە بۆ هەڵبژاردنەکە و بەپێی دوایین راپرسییەکان کامالا هاریس و دۆناڵد ترەمپ دەنگەکانیان بەشێوەیەک لە یەکەوە نزیکە کە جیاوازییەکان بە چەند پۆینتێکی کەم دیاری دەکرێت.


بڕیارە رۆژی ٥ـی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوەبچێت و بەپێی راپرسییەکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، دەنگەکانی ترەمپ و هاریس زۆر لەیەکەوە نزیکن بەشێوەیەک ٤٨.٨٪ـی ئەمریکییەکان دەنگ بە ترەمپ و ٤٨.٦٪ـیان دەنگ بە هاریس دەدەن، واتە جیاوازی نێوانیان تەنیا ٠.٢٪ـە.

هاوکات، راپرسیەکی سەنتەری توێژینەوە و کاروباری گشتی دەری دەخات لە هەر ١٠ ئەمریکییەک حەوت کەسیان هەستی دڵەڕاوکێ و بێزارییان سەبارەت بە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا هەیە.

لەلایەکی دیکەشەوە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی لە هەڵبژاردنەکە هەریەکە لە دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان و کامالا هاریس کاندیدی دیموکراتەکان هێرشی توند دەکەنە سەر یەک و بەوپێیەی هاریس ترەمپی بە کەسێکی هاوشێوەی نازی و نادادپەروەر کە تەنها بەدوای دەسەڵات دەگەڕێت وەسف دەکات و ترەمپیش، هاریس بە کەسێکی فاشیست ناو دەبات و لەدوایین دەرکەوتنیشیدا بەهۆی ئەوەی جۆ بایدن لایەنگرەکانی بە زبڵ ناوبرد بە جلی پاکەوان و لەناو ئۆتۆمبێلی زبڵدا دەرکەوت و وتی، راتان چیە لەسەر ئۆتۆمبێلە نوێیەکەم ناوم لێ ناوە کامالا هاریس و جۆ بایدن.

هاوکات، بەوپێیەی لە هەڵبژاردنی ئەمریکادا کەسانی بەساڵاچوو و نەخۆش و ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتن دەتوانن پێشوەختە دەنگ بدەن، لە ئێستادا بەپێی دوایین ئاماری تاقیگەی هەڵبژاردنەکانی زانکۆی فلۆریدا زیاتر لە ٥٠ ملیۆن کەس دەنگی پێشوەختییان داوە.

نزیکەی ٢٥٠ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا و ترەمپ بە سەرکەوتنی لەم هەڵبژاردنە بۆ دووەم جار دەبێت بە سەرۆکی ئەمریکا، بەڵام ئەگەر هاریس سەربکەوێت دەبێتە یەکەم ژنە سەرۆک لە مێژووی ئەمریکا و یەکەم ژنە رەشتپێست و یەکەم کەسی بە رەچەڵەک ئاسیایی کە پۆستی سەرۆکی ئەمریکا وەربگرێت.













گەلەری