بەڕێوەبەری ئینستاگرام رایگەیاند، پلاتفۆرمەکە کوالیتی ئەو ڤیدیۆیانە دادەبەزێنێت کە بینەری کەمە، ئەمەش هەنگاوێکە بە ئامانجی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان بە شێوەیەکی کاراتر.
ئادەم مۆسێری بەڕێوەبەری ئینستاگرام لە پلاتفۆرمی Threads هۆکاری دەرکەوتنی هەندێک کلیپی ڤیدیۆیی بە کوالێتی نزمتر یان بە شێوەیەکی لێڵ لە بەرنامەکەدا ئاشکرا کرد.
ئاماژەی بەوە کردووە، "بەگشتی ئامانجمان ئەوەیە ڤیدیۆکان بە بەرزترین کوالێتی بگەیەنین، بەڵام ئەگەر ڤیدیۆیەک بۆ ماوەیەکی زۆر سەیر نەکرابێت، وەک چۆن زۆربەی بینینەکان لە سەرەتای بڵاوکردنەوەی دان، کوالێتی ڤیدیۆکە دادەبەزێنین، ئەگەر بینەرەکانی زیاد بکەن، دووبارە بە کوالیتی بەرزتر نمایشی دەکەینەوە."
باسی لەوش کرد، ئەم هەنگاوە بۆ دڵنیابوونە لەوەی ناوەڕۆکی کوالیتی بەرز بۆ بەکارهێنەرانی ئینستاگرام نمایش دەکرێت، بەتایبەتی ئەو ڤیدیۆ کلیپانەی کە بینەری بێشومار بۆ خۆیان رادەکێشن.
ئەوەشی خستووەتە روو، جیاوازی کوالیتی "گرنگ نییە" و جەختی لەوە کردەوە کە رێژەی بینەر زیاتر پەیوەستە بە ناوەڕۆکی ڤیدیۆکە نەک کوالیتییەکەی.