بەڕێوەبەری رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی رایگەیاند، لە مانگی رابردووەوە ٢٠٠ هەزار سودانی ئاوارە بوون و بە گشتی لە سەرەتای جەنگەوە زیاتر لە ١٤ ملیۆن سودانی لەناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکە ئاوارە بوون.
ئەمڕۆ سێشەممە، ئێمی پۆپ بەڕێوەبەری رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی رایگەیاند، بە گشتی لە سەرەتای جەنگەوە زیاتر لە ١٤ ملیۆن سودانی ئاوارە بوون کە ١١ملیۆنیان لەنێو وڵاتەکەدا ئاوارە بوون و سێ ملیۆن و ١٠٠ هەزار کەسیش چوونەتە دەرەوەی سودان.
بەگوێرەی نوێترین ئاماریش بەهۆی ناکۆکییە
سەربازییەکانی سودانەوە زیاتر لە ٤٩ ملیۆن کەس رووبەڕووی برسێتی و توندوتیژی
بوونەتەوە و زیاتر ١٣ بۆ ١٥ هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
پێشتر، ١٠ وڵاتی رۆژئاوا رایانگەیاند، بەهۆی شەڕی ناوخۆی سودانەوە سودانییەکان
رووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە و پێویستیان بە هاوکاری بەپەلە هەیە. بەپێی دواین
ئاماریش ٢٦ ملیۆن سودانی رووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە.
لە ١٥ـی نیسانی ٢٠٢٣ـەوە سوپای سودان و هێزی
پشتیوانی وڵاتەکە لە جەنگی ناوخۆدان بەهۆی بڕیارێکی عەبدولفەتاح بورهان سەرۆکی
سوپای سودان بۆ لکاندنی هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە سوپای وڵاتەوە و کردنیان بە
هێزێکی رەسمی لە چوارچێوەی دەوڵەتدا.
دوای ئەو بڕیارە محەمەد حەمدان دەلقو سەرۆکی
هێزەکانی پشتیوانی خێرا بڕیارەکەی رەتکردەوە و کودەتای بەسەر سوپادا کرد و جەنگێکی
خوێناوی ناوخۆ لە سودان دەستی پێکرد کە بەهۆیەوە تا ئیستا ١١ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار
سودانی ئاوارە بوون و ٢٦ ملیۆن سودانیش رووبەڕووی خراپی خۆراک و ئاو بوونەتەوە.