سەردێڕ:

بازرگانێکی هندی: دوای مردنم ١١٨ ملیۆن دۆلار لە سەروەتەکەم بدەنە سەگەکەم

PM:03:41:28/10/2024

2508 جار خوێندراوەتەوە

بارزگانێکی کۆچکردووی هندی وەسێتی کردووە، زیاتر لە ١١٨ ملیۆن دۆلار لە سەروەتەکەی بدرێتە سەگەکەی.


راتان تاتا کە بازرگان و خێرخوازێکی دیاری هندیی بوو و لە ٩ی ئەم مانگەدا کۆچی دوایی کرد، وەسێتی کردووە، بەشێکی زۆری سەروەتەکەی کە زیاترە لە ١١٨ ملیۆن دۆلار بدرێتە سەگەکەی بەناوی تیتۆ.

راتان وەسێتی کردووە، بەشێکی زۆری سەروەتەکەی لەنێوان چێشتلێنەرەکەی و خزمەتکارەکەی و سەگەکەیدا دابەشبکرێت و ئەوەی دیکەشی بدرێتە خوشك و براکانی.

راتان تاتا لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا و لە ٩ی ئەم مانگەدا کۆچی دوایی کرد، سەرۆکی کۆمەڵەی تاتا بوو کە کۆمەڵەیەکە لە باپیرە گەورەیەوە بۆی مابووەوە و لە ساڵی ١٨٦٨ـەوە لە هندستاندا کاری پیشەسازی و بازرگانی ئۆتۆمبێل، فڕۆکە، تەکنەلۆژیا، ماددە کیمیاییەکان، وزە، بواری پەیوەندی و خزمەتگوزاری، ئەندازیاریی، ئوتێل، خانووبەرە،ستیل و چەک و چەندین کەرتی دیکە دەکات، لە ئێستادا لە ٨٠ وڵاتی جیهاندا بەردەوامن لە کارەکانیان.

راتان تاتا هاوسەرگیری نەکردبوو و هیچ منداڵێکیشی نەبوو، لە ساڵی ١٩٣٧ لە مۆمبای لەدایک بووە و هەر لە مۆمبای بەشی بارزگانی لە زانکۆی کامبریج خوێندووە، دواتر چووەتە ئەمریکا و ئەندازیاری شارستانی خوێندووە.

سەروەتی کۆمپانیاکەی تاتا بە ١٠٦ ملیار دۆلار دەخەمڵنرێت و تاتا لە وەسێتەکەیدا داوای کردووە، بەشێکی زۆری سەروەتەکەی بدرێتە سەگەکەی و چێشتلێنەرەکەی و خزمەتکارەکەی، ئەوەشی دەمێنێتەوە بدرێتە خوشک و براکانی.













گەلەری