AM:09:33:26/10/2024
3720 جار خوێندراوەتەوە
دەسەڵاتی فڕۆکەوانی ئێران رایگەیاند، سەرجەم گەشتەکانی فڕۆکەخانەکانی ئێران دەستیان پێکردووەتەوە. هاوکات، وەزیری گواستنەوەی عێراقیش رایگەیاند، سەرجەم گەشتەکانی فڕۆکەخانەکان دەستیان پێکردووتەوە و مەترسییەکان کۆتایی هاتوون.
ئەمڕۆ شەممە، دەستەی فڕۆکەوانی ئێران رایگەیاند، سەرجەم گەشتەکانی فڕۆکەخانەکانی ئێران دەستیان پێکردووتەوە و داوا لە گەشتیاران دەکەن سەردانی فڕۆکەخانەکان بکەن.
هاوکات، رەزاق محێبس وەزیری گواستنەوەی عێراق دەستپێکردنەوەی
گەشتەکانی فڕۆکەخانەکانی عێراقی راگەیاند و باسی لەوە کرد، سەرجەم مەترسییەکان
تێپەڕێندراون و داوایان لە کۆمپانیای گشتی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکان کردووە دەست
بە گەشتەکان بکەنەوە.
ئەوەش دوا ئەوەدێت بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران سەرجەم
گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق و ئێران راگیران.
شەوی رابردوو ئیسرائیل چەند بنکەیەکی سەربازی لە تارانی پایتەختی
ئێران بۆردوومان کرد و وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "هەر لایەنێک ببێتە
هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی ئیسرائیل باجەکەی بە قورسی دەدات."