سەردێڕ:

دانوستانەکان بۆ راگەیاندنى ئاگربەست لە غەززە دەست پێدەکەنەوە

PM:10:17:24/10/2024

1604 جار خوێندراوەتەوە

ئەمریکا و قەتەر دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانیان سەبارەت بە ئاگربەستی غەززە راگەیاند. وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش دەڵێت، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی قەتەر بە وردی کاریان بۆ دەستپێکی پڕۆسەکە کردووە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بە هاوکاری بەرپرسانی قەتەر دەست دەکەنەوە بە نێوەندگیریی چەکدارانی حەماس و حکومەتی ئیسرائیل بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان.

ئاماژەی بەوەش کرد، ماوەی دوو هەفتەیە لەگەڵ محەمەد بن عەبدولڕەحمان سەرۆک وەزیرانی قەتەر بە مەبەستی پێشخستنی پڕۆسەکە و راگەیاندنی ئاگربەست سەرجەم بژاردەکانیان لێکداوەتەوە.

ئەوەشی خستە روو، زۆر بەوردی بەدوای پلانێکی گونجاودا گەڕاون تا جەنگ رابگیرێت و گەلی فەلەستین بتوانێت ژیان و ئایندەی خۆی بنیاد بنێتەوە.

لای خۆشیەوە، سەرۆک وەزیرانی قەتەر رایگەیاند، شاندەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە دەوحە کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاگربەست و هەموو هەوڵێکیشیان دەخەنە گەڕ تا کۆبوونەوەکەیان ئەنجامی هەبێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، جەنگی حەماس و ئیسرائیل زیاتر لە ساڵێکە بەردەوامی هەیە و بەهۆی جەنگەکەوە لە هەردوولا بە هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە و بە هەزارانی دیکەش بریندار بوون، جگە لەوەی هەزارانی دیکە ئاوارە بوون.













گەلەری