سەردێڕ:

رۆژنامەی سەباح: پەرلەمانی عێراق نزیکە لەوەی سەرۆکێکی نوێ دیاری بکات

PM:06:49:23/10/2024

1088 جار خوێندراوەتەوە

رۆژنامەی و میدیا عێراقییەکان دەڵێن، لە ئێستادا پەرلەمانی عێراق لە هەر کاتێکی تر نزیکترە بۆ ئەوەی کێشەی نەبوونی سەرۆکی پەرلەمان چارەسەر بکات و سەرۆکێکی نوێی پەرلەمان دیاری بکات.


رۆژنامەی سەباح لە زاری چەند پەرلەمانتارێکەوە رایگەیاند، یەکەم دانیشتنی شەممەی هەفتەی داهاتوو تەرخان دەکرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان. وتیشی، بڕیار بوو زووتر دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان ئەنجام بدرایە، بەڵام بەهۆی هاتنە پێشی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دواخرا.

باسی لەوەش کردووە، تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەسەر کاندیدێکی دیاریکراو بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان نەکراوە و رەنگە ئەو بابەتە بەرەو خولی دووەمی کێبڕکێی نێوان مەحمود مەشهەدانی و سالم ئەلعیساوی بچێت.

ئەوەش لەدوای ئەوە دێت، دوێنێ سێشەممە، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان داوایان لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق کرد دانیشتنێک بۆدیاریکردنی سەرۆکی پەرلەمان ئەنجام بدەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ١٤ـی ١١ـی ساڵی رابردوو، دادگای فیدراڵی عێراق، لەسەر سکاڵای لەیس دلێمی پەرلەمانتاری عێراق، کۆتایی بە ئەندامێتی محەمەد حەلبوسیی سەرۆکی پەرلەمان هێنا و لە پۆستەکەی دووری خستەوە، تا ئێستاش لایەنە سوننەکان لەسەر پڕکردنەوەی پۆستەکەی رێک نەکەوتوون.

حەلبوسی دوو دۆسیەی لە دژ کرابووەوە، یەکێکیان دۆسیەکەی پەرلەمانتار لەیس دلێمی بوو، کە بەهۆی ئەو دۆسیەیەوە دادگای فیدراڵی حەلبوسی لە پەرلەمان دوورخستەوە، بەوپێیەی حەلبوسی ئەو پەرلەمانتارەی ناچاركردووە پێشووەختە نووسراوی دەست لەكار كێشانەوەی بۆ بنووسێت، دادگای فیدراڵیش دەستلەکارکێشانەوەکەی دلێمی بە نایاسایی ناوبرد.

محەمەد حه‌لبوسی، سەرۆکی حزبی تەقەدوم لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی وەرگرت، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا کە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ بەڕێوەچوو، توانی زۆرترین دەنگی نێو پێکهاتە سونییەکان بەدەستبهێنێت و وەک سەرۆکی پەرلەمانیش هەڵبژێردرایەوە.













گەلەری