سەردێڕ:

پڕۆسەی ئاشتی و ئازادکردنی ئۆجەلان؛ بۆ یەکەمین جار دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن یەکدەنگن لەسەری

PM:02:15:23/10/2024

2596 جار خوێندراوەتەوە

جارێکی دیکە پرسی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجەلانی سەرکردەی زیندانیکراوی کورد لە ئیمراڵی بووە باس و خواسی میدیاکانی تورکیا و ناوچەکە، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆکی پارتی مەهەپە لە پەرلەمانی تورکیا پێشنیاری چاوخشاندنەوەی كرد بە مەرجەكانی سزای هەتاهەتایی بۆ سەر عەبدوڵا ئۆجەلان، بەو مەرجەی بێتە پەرلەمان و پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە.


دەوڵەت باخچەلی لە وتارەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر گۆشەگیری سەر ئۆجەلان هەڵبگیرێت، دەبێت بێتە پەرلەمان و لەبەردەم فراکسیۆنی دەم پارتی بڵێت، تیرۆر بەسەرچووە و رێکخراوی تیرۆریستی هەڵوەشاوەتەوە.

باسی لەوەشکرد، ئەو لەگەڵ چارەسەرکردنی یەک بە یەکی کێشەکانی کوردە و دەبێت پرسی کورد لە پەرلەمان چارەسەر بکرێت.

سەبارەت بەو بابەتەش رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی سەرۆک لقەکانی پارتەکەی وەک ئاماژەیەک بۆ قسەکانی دەوڵەت باخچەلی رایگەیاند، پاڵپشتیی پێشنیازی ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرکردەی زیندانیکراوی کورد لە ئیمراڵی دەکات.

هاوکات، لە راپۆرتێکی پێگەی ئەلمۆنیتۆری ئەمریکیدا ئەوە خراوەتە روو، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کە پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنە لە تورکیا، پشتیوانی لە داواکەی باخچەلی کردووە، بەڵام هێشتا گومانیان هەیە.

ئۆزگور ئۆزیل، سەرۆكی جەهەپە جوڵەكانی ئەم دواییەی مەهەپەی بەستووەتەوە بە هەوڵەكانی ئەردۆغانەوە بۆ داڕشتنی دەستورێكی نوێ‌، بۆ ئەوەی ئەردۆغان بتوانێت جارێکی دیکەش خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی وڵاتەکە کاندید بکاتەوە.

لە بەرامبەریشدا، موراد قەرەیلانی سەرۆكی باڵی سەربازی پەکەکە، لە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە ئەگەری زیندووكردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی و دانوستانی نێوان حكومەت و پەکەکە دەکات، ئاماژەی بەوە کرد، هەر ئەگەرێكی ئاشتی رەت دەکەنەوە.













گەلەری