وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لە سەرەتای ساڵی نوێوە، عێراق لە هاوردەکردنی نەوت بۆ وڵاتانی ئەوروپا و بەتایبەت چیک، دەبێتە جێگرەوەی رووسیا.
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا لەگەڵ یان لیپاڤسکیی هاوتا چیکییەکەی ئاماژەی بەوە کرد، دەست بە هەناردەکردنی نەوتی عێراق دەکەن بۆ ئەو وڵاتە.
ئەو هەنگاوەی چیک لە کاتێکدایە، هاوشێوەی وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا
دەیەوێت هاوردەکردنی نەوت لە رووسیاوە بە یەکجاریی رابگرێت، ئەوەش بەهۆی هێرشەکانی
ئەو وڵاتەوەیە بۆ سەر ئۆکرانیا.
لە ئێستادا چیک هەنگاو بە هەنگاو دەستی کردووە بە کەمکردنەوەی هاوردەکردنی
نەوت لە رووسیاوە، بەجۆرێک، لە ساڵی ٢٠٢٣ـدا، چیک ٦٠٪ـی پێویستیی وڵاتەکەی لە نەوت
لە رووسیاوە هاوردە دەکرد، بەڵام لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا، رێژەکە بۆ ٤٩٪ کەمکراوەتەوە
و پێشبینی دەکرێت لە سەرەتای ٢٠٢٥ و لەگەڵ دەستپێکردنی هاوردەکردنی نەوت لە عێراقەوە،
بە تەواوەتی پشت بکاتە نەوتی رووسیا.
بە گوێرەی لێکتێگەیشتنەکان، نەوتی عێراق لە رێگەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانەوە
دەچێتە ئیتاڵیا، دواتر لە رێگەی بۆری نەوتیی (تاڵ TAL)ـەوە دەگەیەنرێتە چیک.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ساڵی رابردوو کۆماری چیک زیاتر لە ٣٠ ملیۆن بەرمیل
نەوتی لە رووسیا، زیاتر لە ١٤ ملیۆن بەرمیل نەوت لە ئازەربایجان و نزیکەی چوار
ملیۆن بەرمیل نەوتی لە کازاخستان کڕیوە.