بەپێی نوێترین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین، لە سەرەتای دەستپێکی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە تاوەکو ئێستا، ٤٢ هەزار و ٧١٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەسیش بریندار بوون.
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی بەردەوامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەززە، تا دێت ژمارەی گیانلەدەستدان و بریندار بوون بەرز دەبێتەوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، لە مانگی تشرینی دووەمی
ساڵی رابردووەوە کە دەستپێکی جەنگەکەیە تاوەکو ئێستا، ٤٢ هەزار و ٧١٨ کەس لە کەرتی
غەززە گیانیان لەدەستداوە و ١٠٠ هەزار و ٢٨٢ کەسیش بریندار بوون.
باس لەوەش کراوە، بە تەنها لە ماوەی دوو
رۆژی رابردوودا، هێزەکانی ئیسرائیل حەوت کۆمەڵکوژییان لە کەرتی غەززە ئەنجام داوە.
ئەوەش هاتووە، هێشتا تەرمی بەشێک لە
قوربانییەکان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا ماوە و دەرنەهێنراون.
هاوکات، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە
سەرەتای جەنگەکەوە تاوەکو ئێستا، ٧٥٠ سەرباز و ئەفسەر گیانیان لەدەستداوە.
زیاتر لە ساڵێکە جەنگی نێوان حەماس و
ئیسرائیل بەردەوامی هەیە و بەهۆی جەنگەکەوە دانیشتوانی غەززە رووبەڕووی برسییەتی و نەبوونی ئاوی پاکی خواردنەوە بوونەتەوە
و نەخۆشییەکانی پێستیش بووەتە مۆتەکەی کوشندە بۆ منداڵانی غەززە، چەندان جاریش
رێکخراوە جیهانییەکان هۆشداریان لەبارەی دۆخەکەوە داوە.