سەردێڕ:

یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠٣٠ کۆتایی بە بەکارهێنانی پاسپۆرت دەهێنێت

PM:11:05:21/10/2024

2968 جار خوێندراوەتەوە

بە مەبەستی ئاسانکاریی زیاتر لە گەشتی هاوڵاتیان، کۆمسیۆنی پلانی هەیە تا ساڵی ٢٠٣٠ زانیاریی ناو پاسپۆرتە کاغەزەکان بخرێنە ناو ئەپڵیکەشنی مۆبایلە زیرەکەکانەوە، کە وادەکات گەشتکردن بە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپادا خێراتر بێت.


لە چەند ساڵی داهاتوودا ڕەنگە هەندێک لە گەشتیاران لە ئەوروپا پاسپۆرتە کاغەزەکانیان لەبیربکەن و لە فڕۆکەخانەکان کاری پێنکەن، ئەوەش لە سایەی هەنگاوێکی نوێ کۆمیسیۆنی ئەوروپا بۆ خەزنکردنی زانیارییەکانی پاسپۆرت بەشێوەی دیجیتاڵیی لەناو مۆبایلەکاندا.

ئەم هەنگاوەی یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠٣٠ دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە کەئاسانکاری لە خێرایی ڕێوشوێنەکانی پشکنین دەکات لەسەر ئاستی سنورەکانی ناوچەی شینگن.

لەو چوارچێوەیەدا کۆمیسیۆنی ئەوروپا کە پلانە نوێیەکەی ئاشکراکردووە دەڵێت، پاسپۆرتە دیجیتاڵییەکە وا دەکات پشکنینی گەشتیاران لە بازگە و فڕۆکەخانەکاندا تەنیا هەشت چرکە بخایەنێت کە پێشبینی کردووە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر کەرتی گەشتیاریی دروست بکات، هەروەها وا دەکات لە فڕۆکەخانە و خاڵە سنورییەکاندا تیشکی زیاتر بخرێتە سەر قاچاخچی کۆچبەران و ئاشکراکردنیان.

ئەم گۆڕانکارییە دیجیتاڵییە ئامانجی ئەوەیە، گەشتکردن بە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپادا ئاسانتر بێت، چونکە هاوڵاتیان دەتوانن کۆپی دیجیتاڵی پاسپۆرتەکانیان لەسەر مۆبایلەکانیان بەکاربهێنن لەکاتی تێپەڕبوون بە سنوورەکاندا، لەبری ئەوەی پێویست بکات بەدوای بەڵگەنامەی تەقلیدیدا بگەڕێن.

ئەو هەنگاوەش لەگەڵ ستراتیژی شنگن یەکدەگرێتەوە کە لە ساڵی ٢٠٢١ وە پەسەند کراوە، کە وڵاتانی ناوچەکەی پابەند کردووە بە زیادکردنی ڕێکارەکانی تایبەت بە دیجیتاڵکردن لە سنوورە دەرەکییەکان.

ئەوە لە کاتێکدایە کەبەر لە جێبەجێکردنی پلانەکە، دەبێت سەرەتا لەلایەن ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا و پەرلەمانی ئەوروپاوە پەسەند بکرێت، کە ئێستا بەشێوەی ئەزمونی لە فڕۆکەخانەی چەند وڵاتێکی ئەوروپا جێبەجێ دەکرێت.

هەرچۆنێک بێت یەکێتی ئەوروپا خوازیارە نزیکەی ٨٠٪ ی هاوڵاتیانی ٢٧ وڵاتەکەی یەکێتیەکە بتوانن تا ساڵی ٢٠٣٠ پاسپۆرتی دیجیتاڵیی بەکاربهێنن.

هەر کەسێکیش کە خوازیاربێت ئەو خزمەتگوزارییە بەکاربهێنێت، سەرەتا دەبێت یەپڵیکەیشنی پرۆگرامەکە لەسەر مۆبایلە زیرەکەکەی دابەزێنێت، کە لە ڕێگەیەوە پاسپۆرتەکە سکان دەکرێت و ڕێوشوێنی ناسینەوەی ڕوخسار ئەنجام دەدرێت.

هەروەها خزمەتگوزاری پاسپۆرتی دیجیتاڵی ئارەزومەندانە و بێبەرامبەر دەبێت بۆ گەشتیاران، بەو پێیەش بێت گەشتیارانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا پێویستە لە لە کاتی چوونیان بۆ ناوچەی شنگن بە سکانەرەکاندا تێپەڕن، کە زۆربەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ نەرویج و ئایسلەندا و لیختنشتاین و سویسرا دەگرێتەوە، بەڵام ئێرلەندا و قوبرس ناگرێتەوە.













گەلەری