سەردێڕ:

بەپێی رێککەوتنی نێوانیان؛ ئیتاڵیا یەکەم کاروانی کۆچبەرانی نارد بۆ ئەلبانیا

PM:05:11:16/10/2024

1560 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی رێککەوتنی نێوانیان، ئەمڕۆ ئیتاڵیا یەکەم کاروانی کۆچبەرانی ناردە کەمپەکانی ئەلبانیا.


حکومەتی ئیتاڵیا رایگەیاندووە، لە سەروبەندی جێبەجێکردنی رێکارە نوێیەکە بۆ ئەو کۆچبەرانەی کە بە نایاسایی دەچنە وڵاتەکەوە، یەکەم کاروانی کۆچبەرانیان گەڕاندووەتەوە بۆ ئەو کەمپانەی کە لە ئەلبانیا بۆیان کراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ژمارەی کۆچبەرەکان ١٦ کۆچبەرن کە ١٠ کەسیان خەڵکی بەنگلادیش و شەشیان خەڵکی میسڕن.

لە کۆتایی مانگی رابردوودا حکومەتی ئیتاڵیا بڕیاریدا بە کردنەوەی دوو کەمپی مانەوەی کۆچبەران لە ئەلبانیا بۆ نیشتەجێکردنی ئەو کۆچبەرانەی کە بە نایاسایی دێنە وڵاتەکەوە.

بەپێی رێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات، ژنان و منداڵان و کەسانی نەخۆش نابرێنە ئەو کەمپانەی کە لە ئەلبانیا کراونەتەوە دوای ئەوەی ئەو کۆچبەرانە لەلایەن کەشتییەکانی ئیتاڵیاوە رزگار دەکرێن.

پێشتریش، میدیاکانی ئیتاڵیا بڵاویان کردەوە، وڵاتەکە وەرگرتنی کۆچبەرانی راگرتووە و دوو کەمپی لە ئەلبانیا دروست کردووە بڕیارە لەم هەفتەیەوە یەکەم کاروانی کۆچبەرانی تێدا جێگە بکاتەوە.

ئاماژەیان بەوەش کردووە، ئەو کۆچبەرانەی لە رێگای ئاو و شکانیەوە روو لە ئیتاڵیا دەکەن دەگەڕێندرێنەوە بۆ ئەلبانیا و لەوێ ھەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت و ئەگەر کەیسەکانیان رەتبکرێتەوە لەوێوە دەنێردرێنەوە وڵاتی خۆیان.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پرسی کۆچبەران، یەکێکە لەو پرسانەی کە وڵاتانی ئەوروپا بەردەوام کاری لەسەر دەکەن و لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەن کە بە نایاسایی سنووری وڵاتەکانیان دەبڕن.













گەلەری