سەردێڕ:

هەرێم بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی نۆ داوای پارەی دیکە لە بەغدا دەکات

AM:11:47:14/10/2024

22416 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، شاندێکی وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لە بەغدا و لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق کۆبوونەتەوە و داوای ٢٥٠ ملیار دیناری دیکەیان کردووە بۆ مووچەی مانگی نۆ.


پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەغدا باسی لەوەکرد، شاندێکی وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لە بەشی ژمێریاری و بودجەی وەزارەت هاتوونەتە بەغدا و زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەشی ژمێریاری وەزارەتی دارای عێراق و وەزیری دارایی عێراق کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، شاندەکەی هەرێم، لە کۆبوونەوەکاندا داوای ٢٥٠ ملیار دیناری دیکەیان کردووە بۆ مووچەی مانگی نۆ.

ئەوەشی خستەڕوو، حکومەتە کاربەڕێکەرەکەى پارتى و یەکێتی بەنیازە مووچەى مانگی نۆ زیاتر دوابخات.

دوێنێ یەکشەممە، وەزیری دارایی عێراقیش رایگەیاند، لەدوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بۆ پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم پابەندی رادەستکردنی هیچ داهاتێکی نەوتی نەبووە بە بەغدا.

تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی بڕیارەکە حکومەتی عێراق بەردەوام پارەی مووچەی بۆ هەرێم ناردووە و پارەی مووچەی ساڵانەى هەرێمیش بۆ ١٣ ترلیۆن دینار زیادیکردووە، بەڵام دەسەڵاتدارانى هەرێم هیچ داهاتێکی نەوتیان نەگەڕاندووەتەوە بۆ بەغدا.

ئەوە لەکاتێدایە، حکومەتە کاربەڕێکەرەکەی پارتی و یەکێتی، دوو هەفتەیە دەستى گرتووە بەسەر نزیکەى ترلیۆنێک دینارى بەغدا و ئامادە نییە لیستى مووچەى مانگى نۆ رابگەیەنێت. ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی سێشەممەی رابردوو وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کۆی گشتی ئەو پارەیەی ئێستا لە بەردەست وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانە بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول بریتییە لە ٦٩٠ ملیار و ٣٢٩ ملیۆن دینار، بەوەش نزیکەی ٣٠٥ ملیار دینار کورتهێنان بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول هەیە.

وتیشی، چاوەڕێی بەغدا دەکەن بۆ ئەوەی ئەو بڕە پارەیە بنێرێت و دوای ئەوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول بکەن.













گەلەری