سەردێڕ:

ویلایەتێکی ئەمریکا؛ هەر هاوڵاتییەک زیاتر لە هەزار و ٧٠٠ دۆلاری داهاتی فرۆشی نەوت وەردەگرێت

PM:05:12:12/10/2024

3512 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی ٤٣ ساڵە هاوڵاتیانی ویلایەتی ئەلاسکەی ئەمریکا، لە رێگەی سندوقێکی هەمیشەییەوە بوونەتە هاوبەشی داهاتی فرۆشتنی نەوت و ساڵانە بڕێک پارە وەردەگرن، بۆ ئەمساڵیش هەر هاوڵاتییەک زیاتر لە هەزار و ٧٠٠ دۆلاری داهاتی فرۆشی نەوتی ویلایەتەکە وەردەگرێت، لە هەرێمی کوردستانیش ١٠ ساڵ لەمەوبەر بەڵێنی ئەوە بە هاوڵاتیان درا کە دەکرێنە هاوبەشی داهاتی نەوت، بەڵام کورد وتەنی، قازانج سەری مایەی خوارد.


زیاتر لە ٦٠٠ هەزار هاوڵاتی ویلایەتی ئەلاسکەی ئەمریکا بەشدارن لە پڕۆگرامێکی حکومەتی ئەو وڵاتە و بوونەتە هاوبەشی داهاتی فرۆشی نەوتی ویلایەتەکە، ماوەی ٤٣ ساڵە بە بەردەوامی هاوڵاتیانی ویلایەتەکە بەشی خۆیان لەو داهاتە وەردەگرن و ساڵانەش بڕەکەی لە زیادبووندایە.

بۆ ئەمساڵ هەر هاوڵاتییەکی ویلایەتەکە بڕی هەزار و ٧٠٢ دۆلاری پێ دەدرێت، واتە ئەگەر ژمارەی ئەندامانی خێزانێک پێنج کەس بن، ئەوا بڕی هەشت هەزار و ٥١٠ دۆلار وەک پشکی خۆیان لە داهاتی فرۆشی نەوتی ویلایەتەکە وەردەگرن.

لە بەرامبەردا و لە هەرێمی کوردستان، لە حوزەیرانی ٢٠١٤ـدا، حکومەتە هاوبەشەکەی پارتی و یەکێتی کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکایەتى دەکرد، بەبێ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا نەوتیان هەناردە کرد و ناویان لێنا ئابووریی سەربەخۆ، هەر ئەوکاتیش وتیان، نەوت دەکەنە چراى خۆشگوزەرانى و کۆمپانیایەک دروست دەکەن بە ناوى "کەپکۆ" و هاوڵاتیان راستەوخۆ پشکیان دەبێت لە داهاتى نەوتدا.

لەگەڵ هەناردەى یەکەم بەرمیلى نەوتدا بەغدا پشکى هەرێمى راگرت، لەو کاتەوە پشک و مووچەی هەرێم کەوتە هەڵبەز و دابەزی ململانێکانی هەرێم و بەغدا، حکومەتی هەرێمیش پاشەکەوت و لێبڕین و دواخستنی مووچەی داهێنا.

چیرۆکى دەستبردن بۆ مووچەى مووچەخۆران لەلایەن پارتى و یەکێتییەوە بەم جۆرەیە، لە ساڵی ٢٠١٥ چوار مووچەیان دابەش نەکرد و لە ساڵی ٢٠١٦ـش ١٢ مووچەیان بە چارەکەمووچە دابەش کرد، لە ساڵی ٢٠١٧ـشدا ١١ مووچە بە چارەکەمووچە دابەش کرا و مووچەیەکیش هەر دابەش نەکرا، ساڵى ٢٠١٨ـش پشکى شێرى لە دابەشکردنى مووچە بەشێوەی پاشەکەوت بەردەکەوێت و مووچەى١١ مانگى ئەو ساڵە بە نزیک لە نیوە و کەمتر لەوە درا بە مووچەخۆران و دواتر ناویان لێنا پاشەکەوت.

کابینەی نۆی پارتی و یەکێتی لێبڕینی مووچەی داهێنا و لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا چوار مووچە بە لێبڕین دابەشکرا و حەوت مووچەش هەر دابەش نەکرا، لە ساڵی ٢٠٢١ـشدا لێبڕین هەر بەردەوام بوو، تێیدا شەش مووچە بە لێبڕین دابەش کرا، ساڵی رابردووش سێ مووچەی کۆتایی ساڵ دابەش نەکرا.

لە دوای ٢٥ـی ئازاری ساڵی رابردووەوە کە بە بڕیارێکی ژووری ناوبژیوانیی دادگای نێودەوڵەتیی پاریس هەناردەی نەوتی هەرێم راگیرا، پارتی و یەکێتی بەردەوامن لە فرۆشتنی نەوت بە قاچاخ و داهاتەکەشی مانگانە بە زیاتر لە ٥٠٠ ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت و بۆ گیرفانی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانییە.













گەلەری